چەکدارانی سەر بە ئەسەد، پێنج چەکداری سووریایان کوشت و بریندار کرد

چوارشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2025، میدیاکانی سووریا بلاویان کردەوە، چەکدارانی سەر بە ڕژێمی پێشووی ئەسەد، لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، دوو سەربازی سووریایان کوشت و سێشیان بریندار کرد.

تەلەفزیۆنی سووریا بڵاوی کردەوە، " چەکدارانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد، هێرشیان کردە سەر بازگەی پیشەسازی لە جەبلە لە لادێکانی لازقیە، دوو چەکداری بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کوژراون و سێی دیکەش برینداربوون."

بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە چەند ناوچەیەکی سووریا بەردەوام بووە لە هەڵمەتە ئەمنییەکانی بۆ دەستگیرکردنی لایەنگران و چەکدارانی ڕژێمی پێشوو و قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان.

بەشی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سووریا، چەندین ناوەندی کردەوە بۆ وەرگرتنی داواکاری ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی هێزەکانی ڕژێمی پێشوو و خۆڕادەستکردنەوەیان، کە بە سەدان سەرباز چەکەکانیان دانا و خۆیان ڕادەست کردەوە، بەڵام هەندێکیان چەکیان لە دژی ئیدارەی نوێ هەڵگرت و خۆیان ڕادەست نەکرد.