سەرۆک کۆماری عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ لێکنزیککردنەوەی دیدگاکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەربڕی

سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبووەوە و جەختی لەسەر پێویستی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کردەوە.
چوارشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2025، عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ ڤلۆدیمێر زیلێنکسی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە داڤۆس کۆبووەوە.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، لە میانی کۆبوونەوەی نێوانیان دۆخی ناوچەکە و جیهان بە گشتی تاوتوێ کرا، سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لە هەڵوێستی عێراق کردەوە کە داوای ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و پێویستی چارەکردنی ناوکۆکییەکان بە ئاشتییانە دەکات.
عەبدولـلەتیف ڕەشید، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەکردنی ململانێی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کردەوە.
هاوکات سەرۆک کۆماری عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ کارکردن بۆ لێکنزیککردنەوەی دیدگەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەربڕی.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئۆکرانیا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق دەربڕی بۆ هەڵوێستی بێلایەنی وڵاتەکە سەبارەت بە ململانێی ئۆکرانیا و ڕووسیا.
هاوکات جەختی لە خواستی ئۆکرانیا بۆ بەرزکردنەوەی هەماهەنگی دوو قۆڵی بە تایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی وڵاتەکەی بۆ عێراق کردەوە.