تورکیا: رێگە نادەین گرووپە چەکدارەکان دۆخی ئێستا و پێشهاتەکانی سووریا بقۆزنەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، هەموو ئەو گرووپە چەکدارانەی دوژمنی دۆستایەتی نێوان گەل و برایەتین بەرامبەر وڵاتەکەیان، لە هەر بارودۆخێکدا بن لەنێو دەبرێن.
چوارشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا بە سەرپەرشتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوویەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنەکە، بەڵگەنامەی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانیی نوێ کرایەوە و بڕیاردرا کە بەڵگەنامەی ساڵی 2020 هەڵبوەشێتەوە و بەڵگەنامەی نوێی ساڵی 2025 بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ئەو پێشهاتانەی کە لە ساڵی 2024 ڕوویاندا و بۆ ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە گرنگن، هەڵسەنگاندنییان بۆ کرا؛ ئەو کێشانەی کە ڕەنگە لە ساڵی 2025 ڕووبەڕووی ببنەوە و ئەو چالاکییانەی کە دەبێ ئەنجام بدرێن لە کۆبوونەوەکەدا باسی لێوە کرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، تاوتوێی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لە ناوخۆ و دەرەوە ئەنجام دەدرێن کراوە، بەتایبەتی گرووپە چەکدارەکانی پەکەکە، کەجەکە، پەیەدە، یەپەگە و داعش، هەروەها پێشهاتە نێودەوڵەتییەکانی ئەم دواییە خراوەتەڕوو.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆخی سووریا و دووبارە پاڵپشتی تورکیا بۆ ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە؛ جەخت لەوە کرایەوە، تورکیا پشتیوانیی تەواو دەکات لە دەستەبەرکردنی سەروەری و یەکگرتووی بۆ زامنکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هەموو گرووپە نەتەوەیی و ئایینی و تائیفیەکانی سووریا، هەروەها بۆ ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانی گەلی سووریا هەوڵی پێویست ئەنجامدراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە دووپات کراوەتەوە، رێگا نادەن گرووپە چەکدارەکان دۆخی ئێستا و پێشهاتەکانی سووریا بقۆزنەوە؛ جەخت لەوەش کراوەتەوە کە هەموو ئەو گرووپە چەکدارانەی دوژمنی دۆستایەتی نێوان گەل و برایەتین بەرامبەر وڵاتەکەیان لە هەر بارودۆخێکدا بن لەنێو دەبرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆک کۆماری تورکیا بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە، ئۆپەراسیۆنەکانییان بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان بەردەوام دەبێت و رێگە نادەن ببنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەیان.