ئێران: هەرگیز بە دوای چەکی ئەتۆمیدا نەگەڕاوین

یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی لە كۆڕبەندی داڤۆس پەیامێکی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا نارد و دەڵێت: هیوادارم ترەمپ ئەم جارە زیاتر سەرنج بدات و لۆژیکانە هەڵسوکەوت بکات، لە بارەی چەکی ئەتۆمیش دەڵێت: تاران هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەگەڕاوە.

محەممەد جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی، لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس ڕایگەیاند، هیوادارە ترەمپ لۆژیکانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێراندا بکات.

 زەریف ئاماژەی بەوەش کرد، تاران هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەگەڕاوە، هیچ کاتیش نەبووتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی جیهان. بۆیە "هیوادارم ترەمپی دووەم، جددیتر و لۆژیکانەتر بێت و  زیاتر سەرنج بدات." 

دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018، بە بیانوی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، بە بڕیارێکی تاکلایەنە لە ڕێککەوتنی وڵاتانی 1+5 کشایەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئێران  پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر بکات.