تێپەڕاندنی هەمواری پرۆژە یاسای باری کەسێتی ڕەخنەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە

لە نێو تەوژەمە دژەکان و ڕەخنەکان، لە ناواخنی ڕێککەوتنێکی سیاسیی لەگەڵ پێکهاتە سیاسییەکان، پەرلەمانی عێراق هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی پەسەند کرد، ئەمەش نیگەرانییەکی بەرفراوانی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤی لێکەوتەوە. ڕەخنەگران دەڵێن یاسا نوێیەکان ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵان دەدەن و مافەکانی ژنان تێکدەدەن و سیستەمێکی یاسایی پەرتەوازە و ناڕوون دروست دەکەن.

پشت ئەستوور بە ڕێکەوتنی پێشوو و ژێر بەژێر، یاسای باری کەسیی لە پەرلەمان تێپەڕکراو و پەسەندکرا، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ پێیان وایە، گەڕانەوەیە چەند سەددەیەکە بۆ ڕابردوو و شارەزا یاساییەکانیش پێیان وایە، لەق کردنی یاسایە و تێكەڵیی دروست دەکات، لەوەش خراپتر، هیچ پاریزبەندییەکی یاسایی بۆ منداڵان ناهێڵێتەوە.

لایەنە نەرێنیەکان خۆیان لەوە دەبیننەوە، کە یاساکە ڕەوایی دەدات بە هاوسەرگیری منداڵ و ڕێگەدان بە کچانی تەمەن نۆ ساڵ هاوسەرگیری بکەن، لایەنی دووەم دەسەڵاتدانە بە لێکدانەوە کەسییەکان لەسەر ڕوانەگیە ئایین و پرسی مارەبڕین. ڕەخنەیەکی دیکەش ئەوەیە، کە ئافرەتان لە مافە بنچێنییەکانیان بێ بەش دەکات، کە دەکرێت لە بڕیاری هاوسەرگریی دەست پێ بکات، تا دەگاتە مافی جیابوونەوە و ماف بەسەر منداڵ و تیچووی ژیان.

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی جاودێری مافەکانی مرۆڤ نیگەرانییەکی زۆریان لە هەموارکردنە پێشنیار کراوەکان دەربڕی و هۆشداریشیان دا، کە لەوانەیە سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا تێکبدات.

موساوە، بزووتنەوەیەکی جیهانی بۆ یەکسانی و دادپەروەرییە لە خێزانە موسڵمانەکاندا، سەرکۆنەی تێپەراندنی ئەو پرپژە یاسایەی داوە و جەختی لەوە کردەوە، کە پێچەوانەی بنەما ئیسلامییەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤن.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، یونیسێف، کۆواری زانستی گلۆبال هێلت ریپۆرتس، کۆواری دایکایەتی و وەچەخستنەوە، پەیمانگەی تەندروستی نیشتیمانی ئەمەریکی، گلۆبال هێلث ئەکیوبیتەر، هۆشداریی دەدەن کە هاوسەرگریی منداڵان هەڕەشەی رژدە لەسەر تەندروستی کچان، بەو پێیە لە ڕووی جەستەیی و هەستی و نەستی ئامادەی کرداری سێکس و دایکایەتی نین، وێڕای ئەوەی منداڵەکانیان لەبار دەچێت و نەوەیەکی ناتەندروست دەخەنەوە، هەروەها ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، لەو کاتەی بەدەم گەشەی جەستەییەوە و لە ئەرکی هاوسەر و دایکایەتیش تێناگەن.