فەرەنسا و ئەڵمانیا پەیامێک ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ دەکەن

لەبارەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی سەپاندنی باج بەسەر ئەورووپادا، سەرۆکی فەرەنسا و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا  ڕایانگەیاند، ئەورووپا بە بەهێزیی دەمێنێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شۆڵزی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا کۆبوونەوە، لە دیدارەکەیاندا جەختیان لە یەکگرتووی ئەورووپا کردەوە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ زیاد کردن باج و ڕسومات لەسەر ئەورووپا.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی:  ''دوای دەست بەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، پێویستە ئەورووپا لە هەموو کاتێک زیاتر  ڕۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی سەرەوەری ئەورووپا و  یەکگرتوویی بگێڕن."

ئۆلاف شۆڵتس، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ''ئاشکراییە کە دۆناڵد ترەمپ دەبێتە ئاڵنگاریی بۆ ئەورووپا،  هەڵوێستی ئێمەش لەوبارەیەوە ئاشکراییە، ئەورووپا ناوچەیەکی ئابووری بەهێزە، کە نزیکەی 450 ملیۆن دانیشتوانی هەیە، ئێمە یەکگرتووین، بەهێزین بە هیچ شێوییەکیش پاشەکشە ناکەین."

پێشتر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی سەپاندنی باجی زیاتری بەسەر چین و مەکسیک و کەنەدا کردبوو، گوتیشی: "ڕەنگە سەپاندنی باج یەکێتی ئەورووپاش بگرێتەوە."