ڕووسیا: یونیسێف جیاوازی لە نێوان منداڵانی غەززە و ئۆکرانیا دەکات

ڕووسیا ڕەخنە لە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف دەگرێت و بە جیاوازیکردن لەنێوان منداڵانی غەززە و ئۆکرانیا تۆمەتباری دەکات، لەبەرامبەریشدا گوتەبێژی یونیسێف دەڵێت، بەهۆی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس راپۆرتی پێدانی زانیاری دەربارەی منداڵانی غەززە دواکەوتووە.
ڤاسیلی نێبێنزیا باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی لە کاسرین ڕەسێڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی ڕاپۆرتی لەبارەی ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بوونەتە قوربانی داوەتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام هەمان کاری بۆ غەززە نەکردووە.
هەروەها ڤاسیلی نێبێنزیا، سەرکۆنەی ئەو کارەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف کرد و گوتی: "وادیارە بەلای یونیسێفەوە ژیانی هەزاران منداڵانی غەززە وەکوو منداڵانی ئۆکرانیا گرنگ نییە."
لەبەرامبەریشدا جەیمس ئیڵدر، گوتەبێژی یونیسێف رایگەیاند"کاسرین ڕەسێڵ، سەرۆکی یونیسێف، نەیتوانیوە ڕاپۆرت بداتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، چونکە بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا دەکرد، کە سەرنجی لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانە مرۆییەکان بوو و نەیتوانیوە خشتەی کارەکانی ڕێک بخات."
هەروەها گوتەبێژی یونیسێف جەختی لەوەکردەوە، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف پێشتر چەندین جار لەو بارەیەوە ڕاپۆرتیان داواتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە ئەنجامی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لەلایەک، هەروەها شەڕی ئیسرائیل و حەماس لەلایەکی دیکە، بە هەزاران منداڵ بوونەتە قوربانی.