ترەمپ: پەیوەندی بە سەرۆکی کۆریای باکوور دەکەمەوە

سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ئاییندەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆریای باکوور، ڕایگەیاند، دووبارە پەیوەندی بە سەرۆکی ئەو وڵاتەوە دەکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 24ی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ فۆکس نیوز کرد. پێشکەشکارەکە پرسیای ئەوەی لێ کرد، ئایە پەیوەندی بە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور دەکاتەوە؟ لە وەڵامدا ترەمپ گوتی: "بەڵی، پەیوەندی پێوە دەکەم، ئەو منی بە دڵە."

دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا، پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن، پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور بە ئاراستەیەکی دیکە بگۆڕدرێن، بەو پێیەی لە ساڵی 2019 دۆناڵد ترەمپ، وەکوو یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی پیۆنگ یانگی کرد. هاوکات لە ماوەی خوولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، ئەو دوو سەرۆکە سێ جار دیداریان هەبوو. 

پێشتر، سەرۆکی کۆریای باکوور، لەدوا کۆبوونەوەی کۆتایی 2024ی پارتەکەیدا، هەڵوێستی نوێی بەرانبەر بە ئەمەریکا دەربڕی و ئاماژەی بەوە دابوو، سیاسەتێکی توند بەرانبەر ئەمەریکا جێبەجێ دەکەن.

کیم جۆنگ ئون ڕاشیگەیاندبوو، ئەگەر سیاسەتی ئەمەریکا بەم شێوازە بەردەوام بێت، دوور نییە پەیماننامەی ئاسایشی نێوان ئەمەریکا و کۆریایی باکوور و ژاپۆن، بەرەو جەنگێکی ئەتۆمی بچێت.