کۆنگرێسمانێک داوای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی لە بەرژەوەندیی ترەمپدا دەکات

"فۆکس نیوز" ئەندی ئۆگلس و دۆناڵد ترەمپ
"فۆکس نیوز" ئەندی ئۆگلس و دۆناڵد ترەمپ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پێشنیازی هەموارکردنەوی یاسایەک دەکات، تاوەکوو ترەمپ بتوانێت خۆی بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 24ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەندی ئۆگلس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا (کۆنگرێس) لەسەر پشکی کۆمارییەکان، پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای تایبەت بە سەرۆکایەتی ئەمەریکای کردووە، کە ڕێگە بە سەرۆکی وڵات دەدات  بۆ سێ خول خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا هەڵبژێرێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی دوو خولەکە لەسەر یەک نەبووبێتە سەرۆک. 

هەموارکردنەوەی یاساکە بەو شێوەیە، هەر سەرۆکێک بۆی هەیە بۆ سێ خوول سەرۆکایەتی ئەمەریکا بکات، بەڵام نابێت ئەو سێ خولە لەسەر یەکبێت، واتە کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2016 وەکوو سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا،  بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 بەرانبەر جۆو بایدن شکستی هێنا، ئەوە یاساکە ڕێگە بە ترەمپ دەدات دوای ئەم خولەی سەرۆکایەتی، خۆی بۆ  خولێکی دیکە هەڵبژێرێتەوە.

ئەو کۆنگرێسمانە لەوبارەەوە دەڵێت: "ئەم هەموارکردنە ڕێگە بە سەرۆک ترامپ دەدات بۆ خولێکی دیکەش سەرۆکایەتی بکات ئەگەر دەربچێت. ئەمەش دڵنیای دەدات لەوەی کە دەتوانین ئەو سەرکردە ئازایە بپارێزین، بۆ ئەوەی دووبارە ئەمەریکا بەهێزتر بکاتەوە."

دوای ئەوەی لە ساڵی 1944 فرانکلین ڕۆزڤێڵت، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا بۆ چوارم خول لەسەر یەک بووە سەرۆکی ئەمەریکا، لە ساڵی 1947 کۆنگرێس پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی کرد. پێشنیازەکە بە شێوەیەک بوو، نابێت هیچ کەس خۆی بۆ سەرۆکایتی ئەمەریکا هەڵبژێریتەوە دوای ئەوەی دوو خول سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی کردووە و لە ساڵی 1951 لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند کرا.