سەرۆک بارزانی: هه‌رێمی كوردستان توانای هه‌یه‌ ڕۆڵی گرنگ له‌ پرسی كورد له‌ سووریادا بگێڕێت

لە چاوپێککەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی شەمس، سەرۆک بارزانی، باس لە کۆمەڵیک پرسی گرنگ پەیوەست بە کورد لە سووریا، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەت چەند بابەتێکی پەیوەست بە عێراق و ناوچەکەوە کرد. 

لەبارەی دۆخی سووریا، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند "دەمزانی ڕژێمی سووریا لە لاپەڕگەییەکی توونددا دەژیت، بەڵام چاوەڕێم نەدەکرد بەو خێراییە بڕووخێت، سەرم لەو خێراییە سوڕما، نەوەک بە ڕووخانی ڕژێم؛ پێمان وایە ئەگەر پشتیوانی ڕووسیا، ئێران و حزبووڵلا نەبووایە ڕژێم لە ساڵی 2011دا دەڕووخا.  قسەی باش و جوان لە سووریا دەبیستین، هیوادارین ئەو قسانە ببن بە کردار، ئێمە مافی خۆمانە وریا بین، چونکە قسە بە تەنیا بە ئەنجاممان ناگەیەنێت، بەڵکوو دەرگەی کردار دەکاتەوە. 

لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، سەرۆک بارزانی دەڵێت؛ بەرژوەندیی باڵای نەتەوەیی پێویستی چاوپێککەوتنم لەگەڵ مەزڵووم عەبدی هێنایە کایە، من ئامۆژگاریم کرد بێهیوا نەبێت، پەنا بباتە بەر گفتوگۆ، کۆتایی بە هەموو هەژموونێکی دەرەکی بهێنێت، قسە و هەڵوێستی کورد یەک بخاتەوە. ئامۆژگاریی مەزڵووم عەبدیم کرد، لەگەڵ پەکەکە تووشی بەریەککەوتن نەبێت. 

سەبارەت بە ڕۆڵی هەرێم، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە "هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵیکی گەورە لە یەکخستنەوەی هەڵوێستی کورد و هانی گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بدات، دەتوانن سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان ببینن، بەڵام مەرج نییە ئەو ئەزموونە کۆپی بکرێت، چونکە هەموو بەشێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە." 

لەبارەی دۆزی کورد سەرۆک بارزانی گوتی: مافی چارەنووس مافێکی شەرعیی خوادییە، خودا بە گەلانی داوە. بەڵام پێویستە ئەم کارە بە لێکگەیشتن و ڕێککەوتن بێت لەگەڵ ئەو گەلانەی لە ناوچەکدا لەگەڵ ئێمەدان بەڵام ئەوەی نکۆڵی لەم مافەی ئێمە بکرێت شتێکە ستەمێکی گەورەیە و قبووڵی ناکەین.  ئەو ستەمە سەد ساڵە بەردەوامە بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە، چونکە گەلی کورد ماوەتەوە نەتوایەوە و کۆتایی نەهاتووە و کۆتایی نایەت. 

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد "ئەگەر نیازباشیی هەبێت، هیچ کێشەیەک بێچارەسەر نییە، بەڵام ئەگەر نیازپاکیی نەبێت، هەزار دەستووریش سوودی نییە."  

گوتیشی:  ئۆپۆزیسیۆن هەموو هەوڵێکی خۆی دا بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر پارتی دروست بکەن، تاوەکوو لاوازی بکەن و دووچاری دۆڕانی بکەن. ئەمە ئامانجیان بوو، بەڵام گەلی کورد هەموو ئەو گومانانەی پووکاندەوە و هەموو هەوڵەکانی شکست پێ هێنا، سەرباری هەموو پیلانگێڕییەکان، پارتی بردنەوەیەکی گەورەی بەدەست هێنا، سەرباری ئەوە، بەشیک لە دەزگاکانی بەغدا و ئۆپۆزیسیۆنی هەرێمی کوردستان پیلانگێڕی لە دژی پارتی دەکەن.

سەرۆک بارزانی هەروا گوتی: پارتی هەڵبژاردنی دوو ساڵ دوا نەخست، بەڵکوو ئەوانەی ناویان لە خۆیان ناوە ئۆپۆزیسیۆن و بەشێک لەوانەی لە نێو حکوومەتدان، قاچێک لە نێو حکوومەت و قاچێک لەنێو ئۆپۆزیسیۆن، ئەوان هەڵبژاردنیان دواخست، تاکوو دادگەی فیدراڵییان هێنا دەستوەردانی کرد و زۆرێک لە یاساکانی گۆڕی. 

لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت سەرۆک بارزانی گوتی: هیوادارم لە زووترین کاتدا حکوومەت پێک بهێنرێت. هیوادارم هەموو پارتەکان بەشداریی لە حکوومەتدا بکەن. مەحاڵە و نابێت پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان تاکوو کاتی هەڵبژاردنی عێراق، وەکوو ئەوەی هەندێک لایەن دەیڵین دوا بخرێت، دەبێت بەڵکوو ئەو پەڕی تاکوو دوو مانگی دیکە دەکرێت چاوەڕی بکەین.