یانە كوردستانییەكان هەفتەیەكی مێژووییان تێپەڕ كرد
یەكەمجارە لەم وەرزە لە ماوەی دوو گەڕ هیچ یانەیەكی كوردستانی تووشی شكست نەبێت

یانە كوردستانییەكان گەشتەكانیان لە بەغدا و خوارووی ناوەراستی عێراق كۆتایی پێهێنا و بەبێ ئەوەی هیچ كامێكیان تووشی شكست بێت، بەمەش یەكەمینجار لەم وەرزە لە ماوەی دوو گەڕی لەسەریەكی خولی ئەستێرەكانی عێراق هیچ یانەیەكی كوردستانی تووشی شكست نەبێت، یانەی نەورۆز ئەگەرچی هیچ یارییەكی نەبردەوە، بەڵام ئازارێكی زۆری بە شورتەی بەغدا چەشت و رێگەی نەدا ئەو یانەیە لوتكەی خولی ئەستێرەكانی عێراق بگرێت، لەو یارییەشدا ئاسۆ رۆستەم پیاوی یارییەكە بوو، بەوپێیەی دوو ئاسیستی كرد.

نەورۆز رێگەی نەدا شورتە بچێتە پێشەنگ
نەورۆز هەفتەیەكە سەردانی بەغدای كردووە و لە دوو یاریی دوو خاڵی بەدەستهێنا، ئەگەرچی سوورپۆشەكانی سلێمانی هیچ یارییەكیان نەبردەوە، بەڵام یەكسانبوونەكەیان بەرامبەر شوڕتە بە تامی سەركەوتن بوو.
لە یەكەمین یاریی نەورۆز بە گۆڵێك لەگەڵ یانەی نەفت یەكسان بوو، گۆڵەكەی نەورۆز بە لێدانی پێناڵتی لە لایەن ئاسۆ رۆستەم تۆمار كرا.
لە دووەمین یاریی نەورۆز لە ئەركێكی قورس دا بووە میوانی یانەی شورتە، لە خولەكی 34 ئاسۆ رۆستەم یاریی بە بەرگریكارانی شورتە كرد و ئاسیستێكی نایابی بۆ مەڕوان حوسێن كرد و نەورۆز ئەنجامەكەی بەلێدانێكی سەری مەڕوان یەكسان كردەوە.
لە كۆتاییەكانی یارییەكە، ئاسۆ رۆستەم دیسان بووە پیاوی یارییەكە، ئاسۆ بووە هۆكاری ئەوەی مەناف یونس كارتی سوور وەربگرێت، هەر لە هەمان كات بۆ دووەمجار لە یارییەكە ئاسیستی كرد و لە دوایین خولەك پانۆمی ئەسیوپی ئەنجامەكەی بە لێدانی سەر بۆ نەورۆز یەكسان كردەوە و رێگەیان نەدا شورتە ئاهەنگی سەربكەوتن بگێرێت و نەیتوانی لوتكەی خولی ئەستێرەكانی عێراق بە یانەی زەورا چۆل بكات.

زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی خاڵێكی بەدەستهێنا
یانەی زاخۆ هەفتەیەكە گەشتی میسان و بەسرەی كردووە و دوو یاریی لەسەریەكی كرد و بە 4 خاڵ دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان.
زاخۆ دوای سەركەوتنەكەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر نەفتی بەسرە كاتێك بە ئەنجامی (3 ـ 2) سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئەمجارەیان بووە میوانی یانەی نەفتی میسان و خاڵێكی بەزەحمەتی بەدەستهێنا.
نەفتی میسان لە خولەكی 71 لە رێگەی عەلا سەعد گۆڵی پێشكەوتنی تۆمار كرد، بەڵام زاخۆ خۆی بەدەستەوە نەدا و لە خولەكی 85 لە رێگەی ئەمجەد عەتوان ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە و خاڵێكی بەدەستهێنا و گەشتەكەی بە كۆكردنەوەی 4 خاڵ كۆتایی پێهێنا و راستەوخۆ بەرەو بادینان دەگەڕێتەوە.

یەكسانبوونێك بە تامی سەركەوتن
یانەی دهۆكیش بە هەمان شێوە هەفتەیەكە سەردانی شاری بەسرە و میسانی كردووە و لە دوو یارییدا 4 خاڵی بەدەستهێنا، لە یاریی یەكەم هەڵۆیەكانی بادینان بە دوو گۆڵی بێوەڵام شكستیان بە نەفتی میسان هێنا، گۆڵەكانیش لە لایەن مارلۆن دۆس سانتۆس و پیتەر گۆرگیس تۆمار كران.
لە دووەمین یاریش دهۆك رووبەڕووی زەحمەتییەكی زۆر بووەوە كاتێك لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە بووە میوانی یانەی مینا.
موهەنەد عەبدولڕەحیم لە خولەكی 47 گۆڵی یەكەمی مینای تۆمار كرد، دواتر لە خولەكی 72 مینا دەیتوانی ئەنجامەكە دوو هێندە لێ بكات، كاتێك عەلا عەبدولزەهرا هێرشبەری مینا لێدانی پێناڵتی لەدەست دا، ئەمەش لایەنی دەروونی دهۆكی بەهێزتر كرد و وایكرد لە دوایین خولەكی زیاد كراو ئیبراهیم غازی یەكەمین گۆڵ لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بە درێسی یانەی دهۆك تۆمار بكات و ئەمەش چوارەمین گۆڵی ئەم یاریزانە بوو لەم وەرزە، بەوپێیەی 3 گۆڵی دیكەشی بە درێسی یانەی زەورا تۆمار كرد بوو.
