مەدرید.. شاندێكی ھەرێمی كوردستان بەشداریی پێشانگەی ڤیکتۆری دەكەن

ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندێكی ھەرێمی كوردستان لە مەدرید، بەشداریی لە پێشانگەی ڤیکتۆری 2025 ی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنان دەكەن، كە یەكێكە لە گەورەترین پێشانگەكان و تێیدا زیاتر لە 2500 كۆمپانیا لە وڵاتانی جیاوازەوە بەشدارییان تێدا كردووە.
كۆمپانیا كوردییەكانی بەشدار لە پێشانگەكە دەڵێن: "ئەم پیشانگەیە كاریگەری زۆری ھەیە بۆ ئالۆگۆڕی و دروست كردنی ھەماھەنگی بۆ بەرەوپێشبردنی كارەكانمان و لە كەرتە جیاوازەكاندا بەتایبەتی گەشتیاری و وەبەرھێنان."
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی بەشداریکردنیان لە پێشانگەکەدا توانییان پەیوەندیی و هەماهەنگی باش لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا بیانییەکان دروست بکەن و چەندان گرێبەستیان بە مەبەستی هاتنی گەشتیاران مۆر کردووە.
عەتا ئەنوەر، بەرپرسی کۆمپانیا و نووسینگەکانی گەشتیاریی سلێمانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لەگەڵ چەند کۆمپانییایەک لەسەر خەرجی خۆمان هاتووین بۆ مەدرید، تاکوو بتوانین جوانی و ئارامیی کوردستان بە کۆمپانیا بەشدارەکانی ئێرە بناسێنین و چەندان گرێبەستمان کردووە."
لای خۆیەوە ئیحسان شێخ عیسا، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و چێشتخانەکانی دهۆک گوتی: "سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی گەشتوگوزار دەکەین بۆ پێدانی ئەو دەرفەتە تاکوو ئێمە لەم پێشانگایە بەشدار بین."
کۆمپانیاکانی کوردستان کە لەو پێشانگەیە بەشدارن، داواکارن لە ساڵی داهاتوودا گرنگی زیاتر بەو پیشانگەیە بدرێت و ستاندی تایبەت بە کوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی خەڵکی وڵاتان زیاتر ئاشنای کوردستان بن.
فەریبۆر عزیزی، خاوەنی نووسینگەی گەشتیاری گوتی: ئێمە بۆ ماوەی 10 ساڵە بەشداری ئەم پێشانگەیە دەکەین، هەرێمی کوردستانیش دوو ساڵە بەشداری لە پێشانگەکان و ڕێورەسمەکان دەکات، بەشداریی لەم جۆرە پێشانگەیە زۆر گرنگە بۆ کورد تاکو بە تەواوی کوڵتوور و مێژووی خۆی بناسێنێت و گەشتیاران بێنە ناوچە کوردستانییەکان.
ڕەفەند تەعلافی، خاوەنی نوسینگەی گەشتیاری دەڵێت: ئێمە وەکو کۆمپانیایەک لە ستاندی عێراقی بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە، بەشدارین. مەبەستیشمان لە بەشداریی لەم پێشانگەیە زیاتر بۆ ناساندنی گەشتیارانی بیانییە بە هەرێمی کوردستان، داواکارین حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی داهاتوو ستاندی خۆی هەبێت و لەژێر ناوی ئەودا بەشدار بین."
ئەمساڵ زیاتر لە 2500 کۆمپانیا لە 156 وڵات بەشدارییان لە پێشانگەی ڤیکتۆری 2025ـی مەدرید کردووە، ئەمەش وای کرد کە هەزاران گەشتیار بێنە ئیسپانیا.