وەزارەتی پێشمەرگە ڕێنماییەکانی خانەنشینی بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی خانەنشینبوونی ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتەکەی بڵاو کردەوە.
یەکشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی پیشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی خانەنشیبوونی ئەفسەر و کارمەندانی وەزارەتەکەی بڵاو کردەوە پاڵپشت بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
وەک لە ڕێنماییەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، به پێی فەرمانی وەزاری کە وەزیری پێشمەرگە واژووی لەسەرکردوە و پاڵپشت بەفەرمانی سەرۆک وەزیران، لەبەر ڕۆشنایی بریاری ئەنجومەنی وەزیران و پشتبەست بە بریاری دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو،ئاماژە بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم لە ڕۆژی تایبەت بە ئەنجامی چاودێری و وردبینی ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشین و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی لە هەرێم.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پشتبەست بە بریارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم فەرمانە وەزارییەی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و یەکە سەربازییەکان پەخشکردووە و بە پێی فەرمانەکە ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە کە ئێستا خانەنشین دەبن بە پێی یاسای ڕاژە و خانەنشینی سەربازی ژمارە(3)ی ساڵی 2010 خانەنشین دەکرێن.


