ئێزدییەکان لە بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق نیگەرانن

کچێکی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش
کچێکی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش

ئێزدییەکان لە پەسەندکردنی یاسای لێبووردنی گشتی لەلایەن پەرلەمانی عێراق نیگەرانن، رایدەگەیەنن:" پێویست بوو پەرلەمان و حکوومەتی عێراق چارەنووسی بێسەروشوێنان یەکلایی بکاتەوە و مافی قوربانیان بدات، نەوەک تاوانباران ئازاد بکات.

کۆمەڵگەی ئێزدی، یاسای لێبووردنی گشتی ڕەت دەکەنەوە و داوا دەکەن کار بە یاساکە نەکرێت.

حەزین، کچێکی بچووکی ئێزدی، دونیایەک خەم و حەزینی لە دڵدایە، قوربانی دەستی داعشە،  دەڵێت: تەمەنم حەوت ڕۆژ بوو کەوتمە دەستی داعش، هیچ شتێک بەبیری مندا ناێێتەوە، هێندە دەزانم دایک و باوکم و خوشکم لە دەستی داعشدان، ئومێد دەکەم ڕۆژێک بێت دایک و باوک و خوشکەکەی خۆم دیبایەوە.

سلۆ ڕەمۆ، کەسوکاری قوربانیانی شنگال دەڵێت: حەزین تەمەنی حەوت ڕۆژ بوو ئەو کاتەی لەگەڵ دایکی کەوتە دەستی داعش، هێشتا چوار کەسی دیکەمان لە دەستی داعش ماون، ئەوانیش دایکم و برای من و ژنەکەی و کچەکەی، دەبووایە  لەبری لێبووردنی گشتی، قەرەبووی قوربانییەکانیان بکردبایەوە.

بیرهات هارون، یاساناسە و دەڵێت: بەپێی یاداشتنامەی تیرۆر و ڕێککەوتنی نەهێشتنی کۆمەڵکوژی، لەگەڵ یاسای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەلاهای، هەرسێکیان دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە نابێت حکوومەتی نیشتمانی تاوانباران و تیرۆریستان ئازاد بکەن، پێویستە ڕاگیراو بن تاکوو ڕۆژی دادگایی کردنیان.

دەڵێت: لە عێراق ئەو سەقامگیرییە سیاسییە نییە، ئێمە باوەڕمان بەوە نییە چەکدارانی داعش لەو زیندانانە بمێننەوە بۆ هەمیشە، بۆیە لێبووردنی گشتی دەرگایەکە بۆ ئازادکردنی ئەو چەکدارە داعشانە.

تا ئێستا زیاتر لە 2500 ئێزدی بێسەروشوێنن و چەندین گۆڕی بە کۆمەڵیش تا ئێستا هەڵنەدراونەتەوە، سەرباری ئەوەی زیاتر لە 200 هەزار هاووڵاتی ئێزدی لەنێو کەمپەکان ژیان بەسەر دەبەن، هێشتا بەرچاویان روون نییە کەی پەرلەمان و حکوومەتی فیدراڵ کۆتایی بەو کەیسە دەهێنێت.