سندووقی نەختینە هۆشداری لە شەپۆڵی خۆراستکردنەوەی بازاڕەکان دەدات

دووچاری داڕمانی دووەم دەبنەوە

K24- هەولێر:

سندووقی نەخیتینەی نێودەوڵەتی هۆشداری لە بازای پشکەکان و قەواڵە مەترسی بەرزەکان دەدات، دەڵێت دووچاری داڕمانی دووەم دەبنەوە ئەگەر جارێکی دیکە شەپۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەر هەڵبداتەوە قەدەخەی هاتووچۆ دەست پێبکاتەوە، هەروەها ناکۆکییە بازرگانییەکان سەر هەڵبدەنەوە.

بازاڕی پشکەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە شێوەیەکی بەرچاو داڕمان کە لە 23 رۆژدا سەدا 34 قەبارەکانیان لە دەستدا، بەڵام جارێکی دیکە ئاراستەی بەرزبوونەوەیان وەرگرتەوە، بە جۆرێک پێنوێنی ستاندەرد ئاند پوورز بە پاڵپشتییەکانی بانکی ناوەندی بە نزیکەی سەدا 10 بەرزبووەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی تۆبیاس ئادریان بەڕێوەبەری بەشی بازاڕەکانی نەختینە و دارایی لە سندووقه‌کە و فابیۆ ناتالۆچی جێگەکەی، جیابوونەوەیەک لە نێوان بازاڕەکانی دارایی و پێشبینییەکان دروستبووە، هۆشداریش لە خۆراستکردنەوەی ئاراستەی ئەو قەواڵەنە دەدات کە مەترسیان بەرزە.

ئەو هۆشدارییە لە کاتێکدایە سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووری لەمساڵدا دابەزاند.

بە گوێرەی ئەو پێشبینییە نوێیانەش، بەهۆی ئەو خۆراستکردنەوەیە داکەوتنی قووڵتر و ماوە درێژتر روودەدات، هەروەها سندووقەکە ئاماژەی بەوەداوە، نا دڵنیایی کۆمەڵایەتی بەهۆی زیادبوونی نا یەکسانی گورزێکی دیکە بە متمانەی وەبەرهێنەر دەدات.