ژمارەیەک قوتابیی بیانی بۆ خوێندن هاتوونەتە هەرێمی کوردستان
10 قوتابیی بیانی بۆ خوێندن هاتوونەتە زانکۆیەکی هەرێمی کوردستان؛ خەڵکی ئوردنن و لە بەشەكانی ئەندازیاریی نەوت و پزیشکی ددان دەخوێنن.
قوتابیی ساڵح محەممەد لە ئوردنەوە هاتووە و لە یەکێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، لە بەشی ئەندازیاریی نەوت دەخوێنێت. ئەو دەڵێت: "شاری هەولێر یەکێکە لە سەقامگیرترین شارەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێکە لە شوێنە هەرە پێشکەوتووەکان لە ڕووی خوێندن و پەروەردەەوە."
بۆ یەکەمجارە 10 قوتابی، حەوت کوڕ و سێ کچ لە وڵاتی ئوردنەوە هاتوون و لە پێناو بەدەستهێنانی بڕوانامە، لە هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن دەدەن.
قوتابیی حوسێن محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک سەرەتا دەرفەتی خوێندنیان لە هەولێر بۆ ڕەخسا، دوودڵ بوون، چونکە وەکوو خۆی گوتی، وایان دەزانی لە ڕووی ئەمنییەوە سەقامگیر نابێت، بەڵام دوای ئەوەی هاتوون، بۆیان دەرکەوتووە یەکێک لە شوێنە هەرە سەقامگیرەکانی جیهان.
ئەمە جاری یەکەمە، زانکۆیەکی کوردستان بەو ژمارەیە قوتابیی بیانی وەربگرێت. د.سوڵتان پێشتر سەرۆکی چەند زانکۆیەك بووە لە وڵاتانی عەرەبی، ئێستە لە زانکۆیەکی کوردستان خزمەت دەکات و ڕۆڵی گەورەی لە دروستکردنی پەیوەندیی زانستی نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی وڵاتانی جیهان هەبووە.
تەنیا لەو زانکۆیە بۆ ساڵی 2025 نزیکەی 60 قوتابی دەخوێنن کە بۆ بەدەستهینانی بڕوانامە هاتوون، ئەمە جگە لەو قوتابییانەی دیكە کە بیانین و خێزانەکانیان لێرە نیشتەجێن.