کشتوکاڵی هەولێر: هەزار دۆنم زەوی لە ئاودان بە ئاوی پیس پاک کراوەتەوە

لێدوانی  هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بۆ کوردستان24
لێدوانی هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بۆ کوردستان24

لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر نزیکەی هەزار دۆنم زەوییان لە ئاودان بە ئاوی پیس پاک کردووەتەوە و پرۆسەکە بەردەوامە. 

یەکشەممە، 12-01-2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا، چەند بڕیارێکی بۆ چارەکردنی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای شارەکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد، یەکێک لەوانە، ڕێگریی بوو لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێریی کشتوکاڵ بەکار دەهێنرێت.

دووشەممە، 27-01-2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە هەڤرێست ڕەجەب، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەژێڕ ڕۆشنایی بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لیژنەیەکی تایبەتیان بۆ پاککردنەوەی ئەو زەوییانە پێک هێناوە کە بە ئاوی پیس ئاودێریی دەکرێن و  سەوزە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکەیان تێدا دەچێنرێت.

هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەکە لە ماوەی 15 ڕۆژی کارکردنیدا، نزیکەی هەزار دۆنم زەویی پاککردووەتەوە، کە خاوەنەکانیان ئاوی پیسی دوور لە هەموو بنەما تەندروستییەکان، بۆ ئاودانی بەرهەمەکانیان بەکار هێنابوو.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دووپاتی کردەوە، لیژنەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 27-01-2025، دوو خاوەن زەوی بە تۆمەتی بەکارهێنانی ئاوی پیس و تێکدانی ژینگە دەستبەسەر کردووە و ڕێکاری یاساییان لەگەڵ دەگیرێتەبەر. 

 ناوبراو جەختیشی کردەوە، ئەو لیژنەیەی پێکیان هێناوە، ڕۆژانە بە پشتبەستن بە زانیاریی باوەڕپێکراو، لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو زەوییانە دەکات کە خاوەکانیان پێچەوانەی ڕێنماییەکان ئاوی پیس بۆ ئاودێریی بەکار دەهێنن و ژینگە پیس دەکەن. 

هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوەش دا، بەکارهێنانی ئاوی پیس بۆ ئاودانی بەرهەمی کشتوکاڵی، هاووڵاتییان تووشی چەندان جۆری نەخۆشی دەکات.