گوتاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 48ـەمین پانۆرامای ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ پێشکەش دەکرێت
گوتاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 48ـەمین خولی پانۆرامای ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ پێشکەش دەکرێت.
دووشەممە، 27-01-2025، بە بەشداریی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 48ـەمین خولی پانۆرامای ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ، سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوە دەچێت.
پانۆراماکە کاتژمێر 02:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر لە شاری جنێڤی سویسرا دەست پێ دەکات.
دیندار زێباری، ڕێکخەری نووسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پێشکەش دەکات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، دوێنێ یەکشەممە، 26-01-2025، کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاری بۆ شاندی کۆماری عێراق بە بەشداریی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ بۆ پانۆرامەکە بەڕێوە چوو.
د. دیندار زێباری ڕایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو میکانیزمە خرایە ڕوو کە شاندی کۆماری عێراق پەیڕەوی دەکات لە وەڵامدانەوەی ڕاسپاردەکانی پانۆرامای خولی گشتگیر و ئەو وتارانەی پێشکەش دەکرێن.
د.دیندار زێباری ئەوەشی خستە ڕوو، لە گوتاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشک دەخرێتە سەر ئەو هوڵانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە هەرێم دراون بۆ پابەند بوون بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسیار و ڕاسپاردانەی ئاراستەی هەرێم کراون.