لە ئەنجامی بۆمبارانی فڕۆکەکانی تورکیا دوو کەس لە ئاکرێ شەهید بوون

دوو کەس لە سنووری قەزای ئاکرێ، لە ئەنجامی بۆمبارانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەهید بوون.
ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24 لە ئاکرێ ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 27-01-2025، لە ئەنجامی بۆمبارانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە سنووری ناحیەی دینارتە، پیاو و ئافرەتێک شەهید بوون.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، بۆمبارانەکە بە دیاریکراوی لە گوندی "شەهێ" بووە و ئەو دوو کەسەی شەهید بوون، خۆیان خەڵکی گوندی "بامشمش"ـن لە سنووری قەزای ئاکرێ و ئاژەڵدار بوونە.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو پیاوەی شەهید بووە ناوی جەعفەر جەلالە و تەمەنی 58 ساڵە؛ ئافرەتەکەش تینا محەممەدە و تەمەنی 48 ساڵە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، کاتێک ئەو دوو ئاژەڵدارە لەنێو خانوویەکدا بوونە، لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگیی تورکیاوە شەهید کراون و ئێستە تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی ئاکرێ کراوە.
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، شەش هاووڵاتیی سڤیل لە سنووری ناحیەی دینارتەی ئاکرێ لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) شەهید بوون.