ڕێکاری خۆپارێزی لە نەخۆشییە گوازراوەکانی پەلەوەر دەگیرێتە بەر

وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و تەندروستی بەهاوبەشی پارێزگای هەولێر، ڕێکاری خۆپارێزی لە نەخۆشییە گوازراوەکانی ئاژەڵ و پەلەوەر بۆ مرۆڤ دەگرنە بەر، هەر بەهۆی ئەو نەخۆشیانەوەش، ئەمڕۆ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ، تەواوی پەلەوەر و بەرهەمەکانی پەلەوەری هەرێمی کوردستانی بۆ پارێزگاکانی عێراق قەدەغەکرد.
دووشەممە 27ـی کانوونی دووەمی 2025، بەسەرپەرشتی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزیری تەندروستی و ئامادەبوونی نوێنەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران و پارێزگاری هەولێر و ستافی پەیوەندیداری هەر سێ لایەن لە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ، کۆبونەوەیەکی هاوبەش ئەنجامدرا ، بۆ تاوتوێ کردنی ئەو رێکارانەی ئەرکی هەر سێ لایەن دیاری دەکات لە رووبەڕوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانەی لەنێوان ئاژەڵ و پەلەوەر و مرۆڤدا هاوبەشن ، لەگەڵ چۆنیەتی دانانی رێکار و پلانی زانستی بە مەبەستی خۆپاراستن.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە هاوبەشەی هەرسێ لایەن، وەزارەتەکانی تەندروستی و کشتوکاڵ و پارێزگای هەولێر بڵاویان کردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن ساڵانە کۆبوونەوە هاوبەشەکان بەئامانجی هەماهەنگی و کاری هاوبەش و چۆنیەتی دانانی رێکار و پلانی زانستی ، بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیە هاوبەشەکان دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستە بە بەرپرسیارێتیەوە لایەنە بەشداربووەکانی کۆبونەوەکە پلانی زانستی و سەرجەم رێکارە پێویستیەکانیان تاوتوێ دەکەن بۆ ڕێگریکردن لەبڵاوبونەوەی نەخۆشیە هاوبەشەکان .
دووشەممە 27ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی فیدراڵ هەموو پەلەوەر و بەرهەماکانی پەلەوەری هەرێمی کوردستانی قەدەغەکرد بگەنە پارێزگاکانی عێراق بەهۆی مەترسی گوازرانەوەی نەخۆشییەکان لە پەلەوەر و ئاژەڵەوە.