وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل: زیاتر لە 15 هەزار سەربازمان لە شەڕی غەززەدا بریندار بوون
وەزارەتی بەرگریی و سوپای ئیسرائیل دوو ئاماری جیاوازیان لەبارەی ژمارەی سەربازانی برینداری شەڕی غەززە بڵاو کردووەتەوە.
سێشەممە، 28-01-2025، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای بڵاو کردەوە کە لە سەرەتای شەڕی غەززە، لە 07ـی تشرینی دووەمی 2023ـەوە تاوەکوو ئێستە؛ لە بەرەکانی شەڕدا بریندار بوونە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەو ماوەیەدا، زیاتر لە 15 هەزار سەربازی ئیسرائیلی بریندار بوون، کە برینی بەشێکیان سەختە، هەندێکی دیکە مامناوەند و برینی ژمارەیەکی دیکەشیان سووکە.
ئەم ژمارەیەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، زۆر جیاوازە بەراورد بە دوایین ئامار کە سوپای وڵاتەکە بڵاوی کردووەتەوە، چونکە سوپا ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە تاوەکوو ئێستە، پێنج هەزار و 667 سەرباز بریندار بوونە.
هەرچەندە وەزارەتی بەرگریی ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام بە گوێرەی ئامارەکانی سوپا، لە ماوەی 16 مانگی ڕابردوودا، 841 سەرباز کوژراون کە 405ـیان لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ چەکدارانی حەماس، کوژراون.