فەرماندەیەکی پاسداران: هەندێک کەس بە بانگەشەی لاوازبوونی ئێران فریودراون

فەرماندەی هێزی بۆشایی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت لە ناوخۆی وڵات و لە دەرەوەش هەندێک کەس وەها خەڵەتێندراون، گوایە کۆماری ئیسلامی ئێران لاواز بووە، لەم ڕۆژانەدا پڕوپاگندەکان بۆ هەمووان ئاشکرا بوون و خەڵکی فەڵەستین سەرکەوتن.
ئەمیر عەلی حاجی زادە فەرماندە باڵاکەی سوپای پاسداران، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و باڵیۆزانی وڵاتەکەی لە دەرەوەی وڵات گوتی: "ئەوەی بووە هۆی سەرکەوتن و خۆڕاگری گەلی فەلەستین و لایەنگرانی، یەکهەڵوێستی و خۆڕاگری بەرەی مقاوەمە بوو."
فەرماندەی هێزی بۆشایی ئاسمانی سوپای پاسداران ڕاشیگەیاند، "شەڕەکانی پێشتر لەگەڵ فەڵەستین یەک بە یەک بەرانبەر بوون، بەڵام ئەمجارە شەڕی فەڵەستین بۆ تەواوی ناوچەکە پەلیهاوێشت و یەمەن، عێراق، ئێران و حزبوڵلای لوبنانیشی گرتەوە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە، ئەگەر بەرگری و خۆڕاگری و مقاوەمە بە مانای ڕاستەقینە بێت، سەرکەوتن بەدەست دێت، ئێستاش جیهان باس لە سەرکەوتنی فەڵەستین دەکات."
گوتیشی: "دەبێت ئەوە بزانین، دوژمن هەمیشە هەوڵ دەدات ڕاستییەکان بشێوێنێت و هەندێک کەس لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەوە خەڵەتێنراون و وا بیر دەکەنەوە ئێران لاواز بووە، بەڵام لەم ڕۆژانەدا هەموو شتێک بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە."