دادگای تاوانەکانی ڕەسافە سزای لە سێدارەدانی بەسەر نۆ بازرگانی ماددە هۆشبەرەکاندا سەپاند

چوارشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2025، دادگای تاوانەکانی ڕەسافە، سزای لە سێدارەدانی بەسەر 9 بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکاندا سەپاند.

دادگای تاوانەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، "سزای لە سێدارەدانی بەسەر 9 بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکاندا سەپاند، دەشڵێت، ئەو تۆمەتبارانە 186 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆریان پێگیراوە، لەوانە، کەپتاگۆن، مەسیل ئەمفیتامین، کافایین، بە مەبەستی بازرگانیکردن و فرۆشتنیان بە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای بڕگەکانی مادەی 27/یەکەم لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەروونییەکان، ژمارە 50ـی ساڵی 2017 و بەپێی ماددەکانی 47 و 48 و 49ـی یاسای سزادان لە دژیان دەرچووە."

لە ڕێگەی گوتەی زیاتر لە 100 بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددەی هۆشبەرەوە، دەرکەوتووە ڕەگەزی نێر زیاتر ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، بە ڕێژەی 89.79%، لە بەرانبەردا ڕەگەزی مێینە 10.2% بووە.

مانگی ڕابردوو، دادوەر سوهەیب دەحام، سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقلییەکان، ڕایگەیاندبوو، "ئەمساڵ نزیکەی چوار تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە."

سوهەیب دەحام گوتیشی: "بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و بەشی پزیشکی دادوەری، هەر چوار تۆن ماددە هۆشبەرەکان لەناوبراون."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە ئۆپەراسیۆنەکاندا زیاتر لە سێ ملیۆن حەبی ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە."