بە بەشداری نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر دۆخی سووریا کۆبوەوە

پەرلەمانی ئەوروپا بە بەشداری نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان، کۆبوونەوەیەکی لەسەر دۆخی نوێی سووریا ڕێکخست و هەموو ئەو میکانیزم و ڕێکارانەیان گفتوگۆ کرد کە دەیانباتەوە سەر ڕێگەی بونیاتنانەوەی سووریا بە بەشداریی تەواوی پێکهاتەکان.

چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە برۆکسل ڕایگەیاند: گرووپی ڕینیوو لە نێو پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، ژمارەیەک چالاکوان و نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستانیشی بانگهێشتکرد بۆ کۆبوونەوەیەک لەبارەی دۆخی نوێ سووریا، عەبدولکەریم عومەر  وەکو نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا ئامادەبوو، وتارێکیشی لەبارەی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو دەرفەتانەی  هاتوونەتە پێش کورد پێشکەشکرد، بەتایبەت دوای کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و مەزڵوم عەبدی بۆ ئەوەی بەیەک دەنگ و یەک دەست، کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بچنە دیمەشق.

لەبارەی ئەگەری دانووستانی کوردیش لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا، عەبدولکەریم عومەر  بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، دوور لە چاوی کامیرای ڕۆژنامەنووسان، ڕۆژانی ڕابردوو، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، بەرپرسی ئیدارەی نوێی سووریا کۆبوونەتەوە، لە کۆبوونەوەکە بڕیاردراوە لە داهاتوودا ژمارەیەک لێژنە و کۆمیتە دروست بکرێن بۆ ئەوەی بزاندرێت کورد چۆن بەشدار دەبێت لە حکوومەتی داهاتووی سووریا، هاوکات هێزە کوردییەکان چۆن بتوانن لە چوارچێوەی سووپای نوێی سووریادا بەشداربن، دەشڵێت: کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە.

ئاماژە بەوەش دەکات، کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی و ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا زۆر ئەرێنی بوون.

لەبارەی ئەگەری مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکاش لە ڕۆژئاوای کوردستان، عەبدولکەریم عومەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێنتاگۆن ڕایگەیاندووە هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەمێننەوە.

بارزان حەسەن ئاشکرای کرد، ئامانجی کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر دۆخی سووریا، بۆ ئەوەیە بتوانن جارێکی دیکە سووریا بنیاتبنێنەوە بەشێوەیەک هەموو پێکهاتەکان تیایدا بەشداربن.

گوتیشی: لە پەرلەمانی ئەوروپا ترسێکی زۆر هەیە لە دۆخی نوێی سووریا، بەتایبەت ترس لەو گرووپە جیهادییانەی سووریا کە نزیکن لە تورکیا، بۆیە پەرلەمانی ئەوروپا دەیەوێت ئەو گرووپانە لە گرژی و ئاڵۆزی دوورکەونەوە.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر دۆخی سووریا بەڕێوەچوو کە نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان بەشداریی تیادا کرد و  وتارێکی لەبارەی ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان پێشکەشکرد.

 
 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment