ئەمڕۆ ژمارەیەک بارمتە و زیندانیی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ حەماس ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیل ئازاد دەکات و لە بەرانبەردا ئیسرائیلیش دەیان زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکات.
پێنجشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە "بزوتنەوەی حەماس ئەمڕۆ، پێنج شەممە، هەشت بارمتە ئازاد دەکات، لەوانە سێ بارمتەیان ئافرەتن و سەربازی سوپای ئیسرائیل بوون، هەروەها پێنج بارمتەشیان کرێکاری تایلەندین لە ڕووداوەکانی 7ـی ئۆکۆبەردا لە لایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرابوون."
لای خۆیەوە، ئیسرائیل 110 زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکات، کە لەو ژمارەیە 32 یان سزای هەتا هەتایان بەسەردا سەپێندراوە، هەروەها 30 منداڵیشیان تێدایە.
ڕۆژی دووشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2025، حەماس سێ بارمتەی ئافرەتی ئیسرائیلی ئازاد کرد. لە بەرانبەردا ئیسرائیل 90 زیندانی فەڵەستینی کە زۆرینەی ئافرەت و منداڵ بوون، ئازاد کرد.
بەگوێرەی میدیاکانی میسر، ڕۆژی شەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2025، 200 زیندانی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد کران، لەوانە 70 کەسیان ڕەوانەی میسر کران، هەروەها حەماسیش چوار سەربازی ئافرەتی ئیسرائیلی ئازاد کرد.
ڕۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاگربەستەکەی غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمریکا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ماوەکەی 42 ڕۆژ دەبێت، دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.