پەرلەمانتارێک: هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کرا

جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: هەمواری یاسای لێبوردنی گشتیی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کراوە بۆ ئەوەی ئیمزای لەسەر بکات.

عەبدولکەریم عەبتان ئەلجبوری، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمان، ڕایگەیاند "دوای ئەوەی 21ـی ئەم مانگە هەمواری یاسای لێبوردنی گشتیی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەنگی لەسەر درا، ڕۆژی چوارشەممە، 29-1-2025، هەمواری یاساکە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کراوە بۆ ئەوەی ئیمزای لەسەر بکات."

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: بەگوێرەی ڕێکارە دەستوورییەکان پێویستە سەرۆک کۆمار لەماوەی 15 ڕۆژدا ئیمزا لەسەر هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی بکات، بەڵام ئەگەر ئیمزای نەکات، ئەوە هەمواری یاساکە هەر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی یەکێک لەمەرجە سەرەکیەکانی سوننە بوو بۆ بەشداریی لە حکوومەتەکەی سوودانی، ڕۆژی 21ـ1-2025، هاوشانی هەمواری یاسای باری کەسێتی و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی بەعس، دەنگیان لەسەر درا.