شێوازی ئازادکردنی ئەربیل یەهود توڕەیی ئیسرائیلی بەدوای خۆیدا هێنا

ئیسرائیل شێوازیی ئازادکردنی ئەربیل یەهودی بە سوکایەتی لە قەڵەمدا و لە یەکەم کاردانەوەشیدا ئازادکردنی 110 زیندانیی فەڵەستینی دواخست.
پێنجشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، بزووتنەوەکە 8 بارمتە؛ 3 ئیسرائیلی کە یەکێکیان ئەربیل یەهود بوو لەگەڵ 5 تایلەندی ئازاد کرد و ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بنیامین ناتانیاهۆ دیمەنی ئازادکردنی ئەربیل یەهودی بە شۆکهێنەر پێناسە کرد و گوتی: "بە ترسێکی زۆرەوە سەیری ئەو دیمەنەم کرد و بەڕاستی شۆککەر بوو".
هەروەها دەڵێت: ئەو شێوازی ئازادکردنە بەڵگەی دڕندەیی پێناسەنەکراوی بزووتنەوەی حەماسە.
نووسینگەکە ئاماژەی بەوە دا، ناتانیاهۆ ڕێنمایی بە ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە داوە، تا ئازادکردنی زیندانییە فەڵەستینییەکانی دوابخات تا ئەو کاتەی لە قۆناغەکانی داهاتوو گەرەنتی ڕۆیشتنی سەلامەتیی بارمتەکانی ئیسرائیل بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، ئازادکردنی زیدانییە فەڵەستینییەکانی بە شەو ئەنجام دەدرێت. لەبەرامبەردا، سەرچاوەکانی حەماس بۆ فرانس پرێسیان پشتڕاستکردەوە، کە بزووتنەوەکە بەدواداچوون لەگەڵ نێوەندگران دەکات بۆ چاودێریکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادکردنی زیندانییەکان
چاوەڕوان دەکرا ئیسرائیل 110 فەڵەستینی لە بەرامبەر ئەو 3 زیندانییە ئیسرائیلییە ئازاد بکات، هەروەها بڕیارە 33 بەندکراوی فەڵەستینی ئازاد بکات کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە لە بەرامبەر ئازادکردنی ئاگام بێرگەری سەربازی ئیسرائیلی، لەگەڵ زیاتر لە 30 بەندکراوی دیکە لە بەرانبەر ئازادکردنی ئەربیل یەهود.
پێشبینی ئەوەش دەکرێت ئیسرائیل زیاتر لە 30 بەندکراوی فەڵەستینی ئازاد بکات کە سزای بەندکردنی هەتا هەتایەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەرامبەردا ئازادکردنی گادی مۆزس کە بارمتەیەکی تەمەن 80 ساڵی ئیسرائیلییە.
پێشتریش 7 بەندکراوی ئیسرائیلی بە دوو قۆناغ ئازاد کران، لە بەرامبەردا 290 بەندکراوی فەڵەستینی کە 121 کەسیان سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنرابوو ئازاد کران.
ئەربیل یەهود کێیە؟
ئەربیل یەهود، کچێکی جووە و لەدایکبووی ساڵی 1995ـە لە کۆمەڵگەی کیبۆتیس نییەر عوزە لە باشووری ئیسرائیل، وەک ڕێبەری فەلەکناسی لە کۆمەڵگەی تەکنەلۆجی 'گرووپ تێک' کاری کردووە، بەڵام بزووتنەوەی حەماس، دەڵێت: ئەربیل بۆ سوپای ئیسرائیل کاری کردووە.
ئەربیل یەهود، دوو برای هەبوو بە ناوەکانی نیتاع و دولیف، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە لە هێرشێکی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر کۆمەڵەگەکەیان، خۆی بە بارمتە گیرا و هەردوو براکەشی کوژران.
چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە، حەماس لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە، میسر و قەتەر، لیستی ناوی ئەو هەشت بارمتەیەی بڕیارە ئازادیان بکات ڕادەستی ئیسرائیل کردووە.
بارمتە ئازادکراوەکان، سێ هاووڵاتی ئیسرائیلی، دوو ئافرەت کە یەکێکیان ئەربیل یەهوودە و لەگەڵ پیاوێکی بەسەڵاچوو، هاوشان لەگەڵ پێنج بارمتەی تایلەندی دەبن.

ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە
-کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل بەرەو سنوور لە تەواوی ناوچەکانی کەرتی غەززە.
-کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح و کشانەوەی تەواو لە دەروازەکە.
-بریندارەکان بۆ چارەسەری بگوازرێنەوە دەرەوەی وڵات.
-ڕۆژانە 600 بارهەڵگری یارمەتی مرۆیی کە قەتەر سەرپەرشتی دەکات، بگاتە نێو غەززە.
-200 چادرو 60 هەزار بارهەڵگر بۆ بەهاناوەچوونی بەپەلە بگەیندرێنە غەززە.
-گۆڕینەوەی دیلەکان و ئازادکردنی 1000 دیل لە کەرتی غەززە، لەگەڵ سەدان بەندکراو و حومکدراوی هەتا هەتایە و سزای توند.
- سەرجەم ئافرەت و منداڵانی خوار تەمەن 19 ساڵی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکرێن.
-گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و ماڵەکانیان، لەگەڵ ئازادیی جوڵە و هاتوچۆیان لە کەرتی غەززە.
-ڕۆژانە 8 بۆ 10 کاتژمێر، نابێت هیچ فڕۆکەیەک بەسەر ئاسمانی کەرتی غەززەدا بسوڕێتەوە.
-نۆژەنکردنەوەی تەواوی نەخۆشخانەکان و تیمی تەندروستی گەڕۆکیش دابین بکرێت لەگەڵ تیمی پزیشکی و نەشتەرگەری لە کەرتی غەززە.
-قۆناغی یەکەم بۆ ماوەی 6 هەفتە بەردەوام دەبێت، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی 33 زیندانی ئیسرائیلی کە هەندێکیان لە ژیاندان و هەندێکیشیان مردوون، ئەمەش لە قۆناغی دووەم و سێیەمی دانووستانەکە 66 زیندانی دیکە کە ماونەتەوە کە لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن.
-لە ڕۆژی حەوتەمدا ئاوارەکانی باشووری غەززە بەبێ پشکنین دەگەڕێنەوە باکوور، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە شەقامی ڕەشیدەوە دەکشێتەوە بۆ بەرەی نەتزەریم، خەڵکی غەززەش ئازادی هاتوچۆیان دەبێت لە باکوور و باشووری غەززە لە ڕێگەی شەقامی ڕەشیدەوە.