ترەمپ: ئوردن و میسر پێشوازی لە دانیشتوانی غەززە دەکەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، هەردوو وڵاتی ئوردن و میسر پێشوازی لە دانیشتوانی غەززە دەکەن.
ترەمپ گوتی: ئەمەریکا زۆر کاری بۆ "میسر و ئوردن" کردووە، ئەوانیش ئەوەی ئێمە داوامان کردووە دەیکەن.
سەبارەت بە بوونی ئەمەریکا لە سووریا، ترەمپ ڕەتی کردەوە هێزەکانی ئەمەریکا بکشێنێتەوە، گوتیشی: "هەرگیز باسی کشانەوەی هێزەکانمانم لە سووریا نەکردووە، ناشزانم کێ ئەو قسەیەی کردووە، بەڵام گومانی تێدا نییە، بە ڕاوێژکردن بڕیارێک سەبارەت بە داهاتووی هێزەکانمان لە سووریا دەدەین."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێشووتر داوای لە هەردوو وڵاتی ئوردن و میسر کردبوو، فەڵەستینیەکان لە کەرتی غەززە زیاتر وەربگرن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کێشەی فەڵەستین بکرێتە چارەیەکی کاتیی یان هەمیشەیی، بەڵام ئەم داوایە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە ڕەت کرایەوە، چونکە ئەوان هەنگاوێکی لەو شێوەیە بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و تێکدانی مافی فەلەستینییەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دەزانن.