گردبوونەوەی جەماوەری بۆ چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا ڕێک دەخرێت

لە تورکیا و باکووری کوردستان گردبوونەوەی جەماوەری بۆ چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا ڕێک دەخرێت.
لە ئەمڕۆ شەممە، 01- تا 10 ی شوباتی2025، لە 51 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان گردبوونەوەی جەماوەری و چالاکی هەمەجۆر بەمەبەستی چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا ڕێک دەخرێت.
گردبوونەوەکە لەلایەن ڕێکخستنەکانی پارتی یەکسانی و دادپەروەریی گەلان (دەم پارتی)ـەوە لە ژێر دروشمی "ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و دیداری ئازادی" ڕێک دەخرێت.
بڕیاری ڕێکخستنی گردبوونەوەکە، لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتییەوە دراوە و دوای دیداری شاندی پارتەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەمە بە یەکەم چالاکی گشتگیریی پارتەکە دادەنرێت.
تاوەکوو ئێستە شاندی دەم پارتی و عەبدوڵلا ئۆجەلان دوو جار لەبارەی چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان، لە زیندانی ئیمرالی کۆبوونەوەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت کۆبوونەوەی دیکەش بکرێت.