ئێران.. خۆکوشتن لەناو قوتابیانی بەشە پزیشکییەکانی زانکۆکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی "ئێران فۆکەس" خۆکوشتن، لەناو قوتابیانی بەشە پزیشکییەکانی زانکۆکانی ئێراندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هۆی ئەم زیادبوونەش وەک ئێران فۆکەس باسی کردووە، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دڵنیایی سەبارەت بەداهاتوو، هەروەها گوشاری دەروونی و قورسی کارەکانیان.
هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئەو پێگەیە دەڵێت: ڕێژەی خۆکوشتن لەناو پزیشکانی پسپۆڕ، بەتایبەتی پزیشکە ئافرەتەکان لەسەدا 130 زیادی کردووە.
بەم دواییانە ڕێژەی خۆکوشتن لەناو خوێندکارانی زانکۆ، بەتایبەتی کۆلێژە پزیشکییەکان لە ئێران زیادی کردووە، بەرپرسانی ئێرانیش دەیانەوێت لە لایەن لیژنەی تایبەتەوە، بە بێدەنگیی لە بابەتەکە بکۆڵنەوە، ئەمە نوێترین ڕاپۆرتی پێگەی ئێران فۆکەسە لەسەر ژمارەیەک حاڵەتی خۆکوشتنی قوتابیان لەناو کۆلێژە پزیشکییەکانی زانکۆ جیاجیاکانی ئێران.
ئەو پێگەیە بڵاوی کردووەتەوە و تیێیدا باس لەوە دەکات "سەرباری ئەوەی دیاردەی خۆکوشتن لەناو کۆلێژە پزیشکییەکانی ئێران لە پێشدا هەبووە و بەرپرسان بە مردنی ئاسایی ناویان هێناوە، بەڵام زیادبوونی خۆکوشتن لەناو قوتابیانی بەشانەدا، ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەی گەورە لەم کەرتەدا، وەزارەتی تەندروستیش لیژنەی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە پێک هێناوە.
بەگوێرەی ئەم پێگەیە، زۆریی کارکردنی بەشە پزیشکییەکان و گوشاری دەروونی لەسەریان و کەمیی مووچە، دەکرێت بە هۆی سەرەکیی بەرزبوونەوەی ژمارەی خۆکوشتنی قوتابیانی بەشە پزیشکییەکان و تەنانەت کارمەندانی ئەم کەرتەش بن.
ئێران فۆکەس، ئاماژەی بەوەش کردووە؛ لیژنەیەکی تایبەت لێکۆڵینەوەی لە دۆخی دەروونی 253 قوتابیی بەشە پزیشکییەکان لە زانکۆ جیاوازەکانی تاران کردووە، دەرکەوتووە زۆرینەیان لە ژێر گوشاری دەروونی قورس و تاقەتپڕوکێندان، ئەم گوشارە زۆرەش، دەکرێت هۆیەکی گەورەی پشت خۆکوشتنی قوتابیان بێت.
هەروەها بەگوێرەی ئامارەکان ڕێژەی خۆکوشتن لە نێوان قوتابیانی بەشە پزیشکییەکان وکارمەندانی تەندروستی سێ بۆ پێنج هێندەی پێشوو زیادی کردووە، تەنیا لە ساڵی 2024دا 13 قوتابی ئەم بەشە پزیشکییانە خۆیان کوشتووە.
لە لایەکی دیکەشەوە، پزیشکە پسپۆڕەکانی ئێران و بە تایبەتی پزیشکە ئافرەتەکان ڕێژەی خۆکوشتن تێیدا لە سەدا 130 بەرزبووەتەوە، ئەمەش وەک ئێران فۆکەس باسی دەکات، ئاماژەیەکی مەترسیدارە لەسەر کەرتی تەندروستیی ئێران.