د. سەباح سوبحی: ئامانجمان هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانە

یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو کۆبوونەوانەی پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو بەهەمان ڕێچکەدا تێ دەپەڕن، محەممەد شەیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو ئەو دەقەی دەنگی لەسەر درابوو لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەو دەقە لە لای ئەوان قبووڵە و هیچ کێشەیان نییە.

ئەو ئەندامە دەڵێت: ئێمە وەکو لیژنە ڕای خۆمان پێمان ڕاگەیاندوون، ئەگەر ئەو دەقە دەستکاری بکرێت وەک ئەوەی ئەوان پێشنیارییان کردووە، لە لایەن نوێنەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئیتحادی، دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات و کێشە و گرفت زیاتر دەخاتە ناو یاساکە. 

دەشڵێت: ئێمە ئامانجێکمان هەیە ئەویش هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانە، یەکەمیان لەبەر خەزێنەی گشتیی ئیتحادی کە زیاتر لە 22 ملیار زیانی پێ گەیشتووە، دووەمیش ئەو کۆمپانیانەی کە کار دەکەن، پێویستە ئەوانیش شایستەی خۆیان وەرگرن، بە پێی ئەو کار و چالاکییانەی کە دەیکەن، هەر وەک کۆمپانیاکانی دیکە.

ئاماژەی بەوەش دا کە "لەسەروی هەموو ئەوانەشەوە تورکیا بەردەوام پارەی خۆی لەسەرمان دەژمێرێت،  بۆ ئەو بۆرییەی لە سنووری عێراق تاکو بەندەری جیهان، ڕۆژانە تورکیا پارەی خۆی دەژمێرێت، ئەگەر لەهەموو ڕوویەکەوە ئێمە لێکی بدەینەوە بابەتێکی بیرکارییە، ناکرێت ئەو یاسایە هەمووار نەکرێت."

باسی لەوەش کرد "زەمینەیەکی گونجاو ڕەخساوە بۆ ئەم دانیشتنەی ئەمڕۆ، زۆربەی کوتلە سیاسییەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، بۆ ئەوەی ئەم یاسایە تێپەڕێت. وەکو پارتی دیموکراتی کوردستانیش، لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان هەماهەنگییەکی باشمان هەیە."

ئەو ئەندامە ڕاشیگەیاند "ئەوەی دژی ئەم یاساییە کوتلەیەکە ناوی لەخۆی ناوە کوتلەی خوارو و ناوەراستی باشووری عێراق کە کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمانن و ژمارەیان کەمە، بە بڕوای خۆیان دەڵێن؛ ئەو 16 دۆلارەی دانراوە بۆ دەرهێنانی نەوتی کوردستان، بە بەراورد بە بەسرە و عەمارە و ئەو شوێنانە زۆرە."

دەشڵێت: پێشنیاری نەگونجاو پێشکەش دەکەن، هیچ بەهایەکی نییە وەکو حکوومەتی ئیتحادی و وەکو پەرلەمانتارەکانیش ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش ڕوونە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، زۆر بە ڕوونی بۆچوونەکانی خستە ڕوو و ئەو شاندانەی کە لە بورای دارایی و نەوت هاتوچۆ دەکەن، بابەتەکان زۆر بە شەفافی باس دەکەن؛ بەڵام وا دیارە هەندێک کەس هەیە بابەتی فشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنێت، بۆ بابەتی هەڵبژاردن و موزایەدەکردن لەسەر کوردستان، بۆ ئێمە هیچ بەهایەکیان نییە، دڵنیام کۆتایی پێ دەێت و دەنگیشی لەسەر دەدرێت.

د. سەباح سوبحی گوتیشی: ئەگەر یاساکە دەنگی لەسەر بدرێت، هەر بە پێی ئەو یاسا یەکسەر هەناردەکردنی نەوت دەست پێ دەکات و بە 16 دۆلار هەژمار دەکرێت و یەکسەر دەچێتە بواری جێ بەجێ کردن، ئیتر هیچ کێشەیەکی نامێنێت، بەلام ئێمە لێرەدا دەستپێکێکمان دەوێت، دەست پێکەکەش لەسەر ئەو 16 دۆلارە ڕاوەستاوە.