وەزیری دەرەوەی تورکیا: هیوادارین بەبێ خوێنڕشتن کێشەی یەپەگە و پەکەکە لە سووریا چارە بکرێت

یەکشەممە، 02-02-2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولرەحمان، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر باسی لە قۆناغێ نوێی سووریا کرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند "پێویستە ئەمنییەتی گشت سووریا دابین بێت، دەبێت گرووپە چەکدارەکان بخرێنە نێو پێکهاتەی سوپای نیشتیمانی سووریا. هەروەها چاودێریی هەنگاوەکانی ئیدارەی نوێی سووریا بەرامبەر یەپەگە و پەکەکە دەکەین."
فیدان ئەوەشی خستە ڕوو "ئێستە گفتوگۆکانی ئیدارەی نوێی سووریا لەگەڵ یەپەگە بەردەوامە، هیوادارین بەبێ خوێنڕشتن کێشەکە چارە بکرێت.. وەکوو تورکیا ڕێگە نادەین تیرۆر لە سووریا بەردەوام بێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: لەگەڵ هاوتا قەتەرییەکەم باسمان لەوە کرد، پێویستە چی بکرێت بۆ دۆخی بەپەلەی سووریا، هەروەها چارەیەکی نێودەوڵەتیی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی سوریا لەم قۆناغەدا زۆر پێویستە، لە پەیوەندییەکی نزیکداین لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا. ڕاگەیاندنی سەرۆکی ڕاگوزەر پێشهاتێکی گرنگە. پێویستە پرۆسەی سیاسی لەمەودوا بەشێوەیەکی گشتگیر و دیموکراسی بەڕێوە بچێت."