بەرێوبەرایەتی خۆسەر: کۆنگرەی گشتیی نیشتمانیی سووریا نایاساییە

بەرێوەبەرایەتی خۆسەر ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی "کۆنگرەی سەرکەوتن" بڵاوکردەوە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە دیمەشق بەڕێوەچوو، تێیدا ئەحمەد شەرعیان وەکوو سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا دەستنیشان کرد و ڕایانگەیاند "ئەو کۆنگرەیە بە نایاسایی و نادروست دەزانن."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە کاتێکدا گەلی سووریا چاوەڕێی بەستنی کۆنگرەی گشتیی نیشتمانیی سووریا و ئامادەکاریی بۆ نووسینی دەستوور و هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی بوون، کۆبوونەوەیەک لە دیمەشق بەڕێوەچوو و چەند بڕیارێکیش لە کۆبوونەوەکە دران، بەبێ ئەوەی نوێنەرانی پێکهاتە و هێزە سیاسییەکان بەشداربن.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە "ئێمە رەخنە لە جۆرە کۆبوونەوانە دەگرین، کاتێک کەسانێک بەشداریان لە کۆبوونەوەکە کردووە کە لە لیستی تیرۆردان و دەستیان بەخوێنی گەلانی سووریا سوورە, وەک ئەحمەد ئیحسان فەیاز ئەلحەیس (ئەبو حاتەم شەقرە)، ئەو تیرۆریستەی کە ، هەڤرین خەلەف سکرتێری گشتی پارتی سووریای ئایندەی کوشت، دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە یاسایی نییە و گوزارشت لە چاوەڕوانییەکانی پێکهاتەکانی سووریا ناکات."
هاوکات بەرێوەبەرایەتی خۆسەر داوا لە حکوومەتی دیمەشق دەکات هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە کۆنگرەیەکی نیشتمانی گشتیدا کۆبکاتەوە، بۆ نووسینی دەستووری نوێی وڵات."
هەروەها ئاماژەشیداوە "ئێمە وەک بەڕێوبەرایەتی خۆسەر جارێکی دیکە داوای پاراستنی یەکگرتوویی سووریا و سەروەری وڵات دەکەین، داوا دەکەین هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا لە دیاریکردنی داهاتووی وڵاتەکەیان لەسەر بنەمای دیموکراسی و لامەرکەزی بەشداربن.