هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق کۆتایی بە کێشەکان دەهێنێت؟

بە ئامادەبوونی 176 ئەندام، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا زۆرینەی ئەندامان دەنگیان بە هەمواری یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی دا، کە خاڵێکی هەموارەکە تایبەت بوو بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 176 ئەندام بۆ دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یاسا و هەمواری چەند یاسایەکیش کۆبووەوە و گرنگترینیان هەمواری یاسای بودجە بوو کە ماددەی (12) بڕگەی دووەم (ج) تایبەت بوو بە زیادکردنی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتەکەی.
لە کۆبوونەوەکەدا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان دەنگ بە هەمواری یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) درا، بەم جۆرەش بە گوتەی پەرلەمانتارانی پارتی هیچ بیانوییەک بۆ هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەما.

شاخەوان عەبدوڵڵا: هیچ گرفتێک لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەما
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: هەموو لایەک گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە دەبێت یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە، ئێستاش هیچ گرفتێک لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەما.
ئاماژەی بەوە دا، لە داهاتوودا دەست دەکرێت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئامانجی ئێمە ئەوەیە کێشەی مووچە نەمێنێت و نەبێتە هەواڵی ڕۆژانە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، باسی لەوەش کرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ئێمەی ڕایگەیاند؛ "ئەمساڵ وەکو ساڵی ڕابردوو نابێت و پشتگیری شاندی هەردوولا دەکەم".
لەلایەکی دیکەوە سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، ئاراستەی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت.
جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە حکوومەتی فیدراڵیش پابەند بێت بە خەرجکردنی هەموو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە یاسای بودجەدا ئاماژەیان پێ دراوە.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: دەنگدان لەسەر هەمواری بوودجە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان لە پەرلەمان ڕێکخست و تێیدا ئاماژەیان بەوە کرد، دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە قۆناغێکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بۆ ئەوەی داهاتی عێراق و هەرێمی کوردستان کورتهێنان کەمبکەنەوە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پێویستە لێژنەیەی ڕاوێژکاری لە ماوەی 60 ڕۆژدا دەست نیشان بکرێت بۆ خەمڵاندنی تێچووی نەوت و گواستنەوەی، هاوکات فراکسیۆنی پارتی پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و عێراق کرد و ئاماژەی بەوە کرد، دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە دەستکەوتێکی گەورەیە، ئەو پرسە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ.

جەمال کۆچەر: هەمواری یاسای بودجە 7 کێشە لەنێوان هەولێر و بەغدا چارە دەکات
جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەم دەقەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان بوو، هەمان ئەو بڕگەیە کە پێشتر لە حکوومەتی عێراقییەوە هاتووە و لە دوو بڕگە پێک دێت، بڕگەی یەکەم باسی بڕی 16 دۆلار دەکات بۆ تێچووی وەبەرهێنان و گواستنەوەی نەوت تاکوو لێژنەیەکی هونەری ڕاوێژکاری خەمڵاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بکات لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بڕگەی دووەمیش باسی ئەوە دەکات، ئەگەر هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ڕێکنەکەوتن لەسەر ئەو لێژنەیە بۆ ئەوەی کارەکە جێبەجێ بکات، ئەوکات بۆ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی هەیە لایەنێک دیاریی بکات و هەژماری ئەوە بکات کە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم چەندە.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەموارە 7 کێشە بۆ هەرێمی کوردستان چارە دەکات، بە شێوەیەک کێشەی بەشە بودجەی هەرێم، مووچەی فەرمانبەران، کێشەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان، فرۆشتنی نەوت لە دەرەوەی ئۆپێک، هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆری تورکیا، زیادکردنی داهاتی دەوڵەتی فیدراڵی، کردنەوەی دەرگایەکی دیکە بۆ عێراق لە ئەگەری لێدانی فاو لەلایەن ئیسرائیلەوە، چارە دەکات.
ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ بابەت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ یەکلایی بکاتەوە و ڕادەستی بەغدای بکات، ئەویش نەوت و داهاتی دەروازە سنوورییەکان و داهاتی ناوخۆییە، کە هەریەک لەوانە داهاتێکی ڕێژەییان هەیە، چونکە هەرێمی کوردستان بڕێکی دیاریکراوی نەوتی هەیە، داهاتێکی دیاریکراوی ناوخۆیی هەیە، 50% داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەیە، ئەگەر هەر سێ ئەو داهاتە ڕادەستی بەغدا بکرێت، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بوودجەی هەرێمی کوردستان بە تەواوی بنێرێت.
دەشڵێت: وشەیەک هەیە لە بودجەی عێراقدا پێویستە ئێمەی کورد لە بەغدا قەبوڵی نەکەین و لای بدەین ئەویش(خەرجی ڕاستەقینە)یە، ڕێگە نەدەین کە بێتە نێو بوودجەی ساڵی 2025، چونکە هەرێمی کوردستان بووەتە دەستەمۆی جێبەجێ نەکردنی پرۆژەکان، کاریگەریی زۆری لە هەرێمی کوردستان کردووە.

ڕێبوار هادی: ههمواری یاسای بودجه له رۆژنامهی فهرمی بڵاودهكرێتهوه
ڕێبوار هادی، سەرۆكی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە كوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە گوێرەی مادەی 129 لە دەستووری عێراق هەر یاسایەك لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو دەكرێتەوە و حكوومەتیش پابەندە بە جێبەجێكردنی.
سەرۆكی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەم هەموارە بە کەمتر لە مانگێکدا دەچێتە بواری جێبەجێکردن. باسی لەوەش کرد، ئەو هەموارە هاوکار دەبێت لەسەر چارەکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، لە ماوەی 60 ڕۆژدا دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمەکە ڕێککەون، ئەگەریش نەگەیشتنە ڕێککەوتن کۆمپانیایەک ڕادەسپێردرێت بۆ ئەوەی خەمڵاندن بۆ کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بکات.

مەسرور بارزانی: پێشوازیی لە دەنگدانی پەرلەمانی عێراق لە سەر هەمواری یاسای بودجە دەکەین
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، پێشوازیی لە دەنگدانی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لە سەر هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ دەکەین. دەشڵێت: دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەین هاوکاربوون لە سەرخستنی هەموارکردنەکە.
سەرۆک وەزیران نوسیوویەتی: سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمیش دەکەین بۆ کارکردن لەپێناو دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.
هاوکات سەرۆک وەزیران، هیوادارە ئەم هەنگاوە ئەرێنییەی هەموارکردنی یاسای بودجە، ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیکە و پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

سوودانی: دەنگدان لهسهر ههمواری یاسای بودجه بهو دهقهی ئهنجوومهنی وهزیران ناردوویهتی سهقامگیری سیاسی دووپات دهكاتهوه
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراقی ڕایگەیاند: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوا لە هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکات، دەستبەجێ کار لەسەر ئەم هەموارکردنەکە بکەن، ب ەمەبەستی وەبەرهێنانی سامانە سروشتیەکان بەتایبەت سامانی نەوت، دەشڵێت: با ئەم سامانە ببێتە هۆکارێک بۆ پشتگیریکردنی سەقامگیری و وەک هاندەرێک بۆ زیاتر جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکان بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی گەلی عێراق.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق گوتی: سەرۆک وەزیران ستایشی هەنگاوە پڕ لە بەرپرسیارەییەتیەکانی پەرلەمان دەکات بە دەنگدان لەسەر هەموواری یاسای بوودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی 2023،2024،2025 و یاسای ژمارە 13ـی ساڵی 2023، بەپێی ئەو دەقەی کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردرابوو.
سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپاسی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەکات بەرامبەر تێگەیشتنیان و پشتگیریان لە لە تێڕوانی حکوومەت، دەڵێت: ئەو هەمووارە ڕەنگدانەوەی لەسەر هەماهەنگی نێوان حکوومەت و پەرلەمان دەکاتەوە بۆ بەردەوامیی کاری هاوبەش لەپێناو بەردەوامیدان بە کاروانی ئاوەدانی و گەشەپێدان.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراقی ئاماژەی بەوە کردووە کە، لەسەر بنەمای ئەم هەموارکردنەوە، سەرۆکی حکومەت داوا لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی، و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکات، دەستبەجێ دەست بە ئەم هەموارکردنە بکەن و کار لەسەر ئەم هەموارکردنە بکەن، بەمەبەستی وەبەرهێنان لە سامانە سروشتیەکان بەتایبەت سامانی نەوت،دەشڵێت: با ئەم سامانە ببێتە هۆکارێک بۆ پشتگیریکردنی سەقامگیری و وەک هاندەرێک بۆ زیاتر جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکان.

ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی هەمواری یاسای بودجە
سێشهممه، 5ـی تشرینی دووهمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق به سهرۆكایهتی محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆك وهزیرانی عێراق كۆ بووهوه و له كۆبوونهوهكهدا چهند بڕیارێكی دهركرد و یهكێك له بڕیارهكان تایبهت بوو به پهسندكردنی پێشنیازێک بۆ هەموارکردنەوەی ماددەی (12/ب2/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵه ژمارە (13ـی ساڵی 2023).
پێشنیازه پهسندكراوهكهی ئهنجوومهنی وهزیران سهبارهت به ههمواركردنهوهی ماددەی (12/ب2/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵه ژمارە (13ـی ساڵی 2023) ئهم خاڵانهی له خۆ گرتووه:
1 وهزارهتی دارایی فیدراڵ قهرهبووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە سیادییهكان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نهوت دهكاتهوه، بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دێت کە لە لایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ـوه یان له لایهن وهزارهتی نهوتی فیدراڵییهوه به پێی بڕگهكانی (أ) و (ب)ـی ماددهی (12/ب2) وەردەگیرێت، بە مەرجێک تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت بۆ هەر کێڵگەیەک لە لایەن دەزگهیەکی ڕاوێژکاریی تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوه كه وهزارهتی نهوتی فیدراڵ به ڕێككهوتن لهگهڵ وهزارهتی سامانه سروشتییهكانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان بۆ ئهم ئهركه دهستنیشانی دهكهن، بە جیا حیسابی بۆ بکرێت و لە ماوەی (60) ڕۆژدا لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، هاوكات له ئهگهری ڕێكنهكهوتن له ماوهی ئهو شهست ڕۆژهدا، ئهنجوومهنی وهزیرانی فیدراڵ ئهو لایهن یاخود دهزگه ڕاوێژكارییه بۆ ئهو ئهركه دهستنیشان دهكات.
2- ئهو دهزگه ڕاوێژكارییهی له خاڵی یهكهمدا ئاماژهی بۆ كراوه، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نهوت پێشکەش بە ههر دوو وهزارهتی نەوت و دارایی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەکات و بۆ مەبەستی ههمواركردنهوهی یاساكه پشتی پێ دهبهسترێت، ههروهها قهرهبووكردنهوهی ههرێمی كوردستان لهسهر ئهو تێچووه خهمڵێندراوه دهبێت كه ڕۆژانه چهند بهرمیل ڕادهستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) یان وهزارهتی نهوتی فیدراڵیی دهكات، ئهمهش به پێی ههر دوو بڕگهی (أ) و (ب)ـی ماددهی (12/ب2) و وهزارهتی دارایی فیدراڵ بڕی ئهو پارهیه دهداته حكوومهتی ههرێمی كوردستان.
3-به پێی ههر دوو بڕگهی (أ) و (ب)ـی ماددهكه، ڕاستهوخۆ نهوتی بهرههمهێنراوی ههرێمی كوردستان ڕادهستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) یان وهزارهتی نهوتی فیدراڵیی دهكرێت و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نهوتی ههرێمی كوردستان وهكوو (پێشهكی – سولفه) به بڕی 16 دۆلار بۆ ههر بهرمیلێك له لایهن وهزارهتی دارایی فیدراڵهوه به حكوومهتی ههرێمی كوردستان دهدرێت. ههروهها دوای تەواوبوونی ڕاوێژکاری تەکنیکی پسپۆڕ کە لە خاڵی یهكهمدا باس كراوه، ئهم بابهته یهكلایی دهكرێتهوه.