ساڵی ڕابردوو لە سەدا 40ـی کۆچبەران لە ڕۆژانی کۆتایی هەفتەدا چوونەتە بەریتانیا

پێگەی سکای نیوز بەریتانی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕێژەی پەڕینەوەی کۆچبەران بە بەلەم لە کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا، لە ڕۆژانی کۆتایی هەفتە دەخاتە ڕوو و هۆکانیشی باس دەکات. 

سکای نیوز، ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕیژەی هاتنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا لە ڕۆژانی کۆتایی هەفتەدا بڵاو کردووتەوە، تێیدا هاتووە "ساڵی ڕابردوو دا 40٪ ئەو کۆچبەرانەی خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەدا هاتوون." 

بە گوێرەی زانیارییەکانی سکای نیوز، ساڵی ڕابردوو 14 هەزار و 554 بەلەمی کۆچبەری لە ڕۆژانی کۆتایی هەفتەدا لە کەناڵی ئینگلیز پەریونەتەوە بەریتانیا. ساڵی 2022 ژمارەی ئەو بەلەمانەی گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە 14 هەزار و 642 بەلەم بوونر، ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە لە چوار ساڵی ڕابردوو دا و کەمترین ژمارەش بۆ ساڵی 2021 دەگەرێتەوە کە تەنیا 8 هەزار و 609 بەلەم لە کۆتایی هەفتەدا گەیشتوونەتە بەریتانیا.

سکای نیوز بڵاوی کردووتەوە، ڕۆژی دووشەممە، کە سەرەتای هەفتەیە، کەمترین بەلەم لە کەناڵی ئینگلیزەوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتن کە تەنیا دوو هەزار و 963 بەلەم بوونە.

میدیایە بەریتانییەکە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە پۆلیسی فەرەنسا لە ڕۆژانی کۆتایی هەفەتدا لە پشوودان و ژمارەیەکی کەمی پۆلیس لە کەمپ و کەناری دەریاکانن.

سکای نیوز، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای پێشووی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندووە "قاچاخچییەکان دەزانن کە ژمارەیەکی کەمی پۆلیس لە ئەرکدان، بۆیە هەوڵ دەدەن ئەو هەلە بقۆزنەوە."

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامەیە، لە ساڵی 2023 بەریتانیا بەهای 500 ملیۆن پاوەندی بە فەرەنسا داوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕێگریی لە هاتنی کۆچبەران.

بە گوێرەی سکای نیوز،  یەکێک لە هۆکانی دیکە بۆ هاتنی کۆچبەر لە ڕۆژانی کۆتایی هەفتەدا ئەوەیە کە باندە قاچاخچییەکان پێویستیان بە توانای مرۆیی هەیە بۆ ئەوە کارەکانیان جیبەجێ بکەن، بەشێک لە خەڵکیش لە ڕۆژانی دیکە لە کارکردنن و ناتوان کارەکانیان بە جێ بهێلێن.  

هەروەها لە ڕۆژانی کۆتایی هەفتەدا ڕێرەوی ئاوی ناو شار کە دەڕژێتە کەناڵەکەوە، بەهۆی ڕاوکردنی ماسییەوە قەرەباڵغە، ئەمەش وا لە پۆلیسەکانی فەرەنسا دەکات کە سەرقاڵبن.

سکای نیوز، ئەوەشی خستووتە ڕوو کە لە ڕۆژانی دیکە دا هۆیەکانی گواستنەوە وەکو شەمەندەفەر و ترام و میترۆ بەهۆی کاتی دەوامەوە قەرەباڵغە و بەمەش ڕێ لە کۆچبەران دەگرێت کە لە کاتی خۆیدا بگەنە شوێنی مەبەست.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment