کۆشکی کرێملن: پێشوازیی هەڵبژاردن لە ئۆکرانیا دەکەین

کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا پێشوازیی لە خواستی ئەمەریکا بۆ  هەڵبژاردن لە ئۆکرانیا دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی شووباتی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی کرێملن، ڕایگەیاند، هەڵبژاردن لە ئۆکرانیا پێویستە، بۆ  شەرعییەت دان بە حکوومەت و دەسەڵاتی ئۆکرانیا و دەستەبەرکردنی پرۆسەی دیموکراسی لەو وڵاتە و بەدەستهێنانی دانپێدانانی فراوانتری نێودەوڵەتی. 

هەروەها گوتیشی:  تاوەکوو ئێستا هیچ لایەنێک بە جیددی گفتوگۆیەکانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ دەست پێ نەکردووە.

کەیس کیلۆگ، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندبوو، دەمانەوێت ئۆکرانیا لە کۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردن بکات، بەتایبەت ئەگەر کیێڤ بتوانێت لە چەند مانگی داهاتوودا بە ئاگربەست لەگەڵ مۆسکۆ ڕازی بێت.