مەزڵوم عەبدی: تەقینەوەکەی مەنبەج هەڕەشە لە یەکگرتوویی نەتەوەیی دەکات

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات سەرکۆنەی تەقینەوەکەی شاری مەنبەج دەکات و دەڵێت: هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ خەڵکی شارەکە دەردەبڕین.
دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە پەیامێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس)، هاوسۆزی خۆی بۆ خەڵکی مەنبەج دەربڕیووە بەهۆی ئەو تەقینەوەیەی ئەمڕۆ کە 19 هاووڵاتی کوشت و 10ـی دیکەشی بریندار کرد.
مەزڵوم عەبدی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: بەتوندی سەرکۆنەی تەقینەوەکەی شاری منبج دەکەین، هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ خەڵکەکەی دەردەبڕین، دەشڵێت: ئەم کردەوە تاوانکاریانە هەڕەشە لە یەکگرتوویی نەتەوەیی دەکەن و پێویستە تاوانبارانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان کردووە و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان خواستووە.
میدیاکانی سوریا ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویانکردەوە، بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری مەنبەج لە باکووری سووریا، لانیکەم 15 کەس کوژراون کە14 ئافرەت و پیاوێک بوون.
بەپێی زانیارییەکان، سەرجەم قوربانییەکان کرێکاری کشتوکاڵ بوون کە بەڕێکەوت بەلای ئەو شوێنەدا تێپەڕیوون کاتێک تەقینەوەکە ڕوویداوە.