سەرۆکایەتی کۆماری سووریا: لە ڕاوەدوونان و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی مەنبەج درێغی ناکەین

سووریا
سووریا

سەرۆکایەتی کۆماری سووریا ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی مەنبەج بڵاو کردەوە کە تێیدا نزیکەی 15 هاووڵاتی کوژران و 10ـی دیکەش بریندار بوون، بەپێی ڕاگەیاندراوەکە سەرۆکایەتی کۆماری سووریا دەڵێت: لە ڕاوەدوونان و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی مەنبەج درێغی ناکەین.

دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، سەرۆکایەتی کۆماری سووریا ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی مەنبەج بڵاو کردەوە و دەڵێت: ئەم تاوانە بەبێ سزاگەیاندنی توندی ئەنجامدەرانی تێناپەڕێت، دەشڵێت: وانەیەکی توند بەو کەسانە دەدەین زیان بە ئاسایشی سووریا و گەلەکەی دەگەیەنن.

هەر ئەمڕۆ، مەزڵوم عەبدی لە پەیامێکی(ئێکس)دا  لەبارەی تەقینەوەکەی مەنبەج گوتی: بەتوندی سەرکۆنەی تەقینەوەکەی شاری مەنبەج دەکەین، هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ خەڵکەکەی دەردەبڕین، دەشڵێت: ئەم کردەوە تاوانکاریانە هەڕەشە لە یەکگرتوویی نەتەوەیی دەکەن و پێویستە تاوانبارانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان کردووە و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان خواستووە.

میدیاکانی سوریا ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویانکردەوە، بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری مەنبەج لە باکووری سووریا، لانیکەم 15 کەس کوژراون کە14 ئافرەت و پیاوێک بوون.

بەپێی زانیارییەکان، سەرجەم قوربانییەکان کرێکاری کشتوکاڵ بوون کە بەڕێکەوت بەلای ئەو شوێنەدا تێپەڕیوون کاتێک تەقینەوەکە ڕوویداوە.