عێراق..کارەبای سێ پارێزگای باشوور پچڕا

لە شەوی ڕابردووەوە تاوەکوو ئێستا کارەبای چەند پارێزگایەکی باشووری عێراق پچڕا، وەزارەتی کارەبای عێراقیش ڕایگەیاندووە، پچڕانی کارەبا بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە بووە.

لە شەوی ڕابردووەوە دانیشتووانی هەر یەک لە پارێزگاکانی بەسرە، میسان و زیقاڕ لە باشووری عێراق کارەبایان لەسەر پچڕاوە، بە گوێرەی زانیارییەکان تۆڕی کارەبای نیشتمانیی عێراق بەهۆکارێکی تەکنیکییەوە نزیکەی شەش هەزار مێگاوات کارەبای کەم بووەتەوە، ئەمەش وای کردووە، دانیشتووانی ئەو سێ پارێزگایە بە تاریکی ڕۆژ بکەنەوە.

هەروەها وەزارەتی کارەبای عێراق بەبێ ئاشکراکردنی گرفتە تەکنیکییەکە، ڕایگەیاندووە، تیمەکانی چاککردنەوە کەوتوونەتە کار بۆ چارەکردنی گرفتەکە و دووبارە گەڕاندنەوەی کارەبا بۆ ئەو سێ پارێزگایە.

هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق، بانگهێشتی وەزیری کارەبای کرد بۆ لێپرسینەوە دەربارەی کێسە و گرفتی کارەبا.

حکوومەتەکانی عێراق تاوەکوو ئێستا نەیانتوانیوە کێشەی کەمیی کارەبا لە عێراق چارە بکەن و بە گوێرەی ئامارەکان ساڵانە نزیکەی چوار ملیار دۆلار لە کڕینی کارەبا و گازی شل لە ئێران خەرج دەکات، بەڵام تەنیا توانیویەتی %40ی کارەبای نیشتمانی بۆ شارەکانی عێراق دابین بکات.