دۆناڵد ترەمپ باجەکانی سەر مەکسیک و کەنەدای بۆ ماوەی مانگێک ڕاگرت

دۆناڵد ترەمپ دوای گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی مەکسیک و سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بڕیاری دا کە 25% باج بەسەر ئەو دوو وڵاتە بۆ ماوەی مانگێک ڕابگرێت، بەڵام باجەکان لەسەر چین بەردەوام دەبن.
کۆشکی سپی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووتەوە تێیدا هاتووە "دۆناڵد ترەمپ، دوای ئەوەی بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ هەریەک لە کلۆدیا شەینبام، سەرۆکی مەکسیک و جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا کرد، بڕیاری دا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ پلانی سەپاندنی سزاکانی سەر ئەو دوو وڵاتە ڕابگرێت."
ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەشی داوە "هەردوو سەرکردەکە، بە داواکەی دۆناڵد ترەمپ ڕازی بوونە بەوەی سنوورەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا بەهێزتر بکەن، بۆ ڕێگریی لە قاچاخچییەتی ماددە هۆشبەر و هاتنی کۆچبەرەکان بۆ ئەو وڵاتە."
جەستن ترودۆ گوتی: بە مەبەستی ڕێگریی لە شووشتنەوی پارە و قاچاخچیەتی ماددەی فێنتایەل (Fentanyl) کە دەرمانێکی ئازار شکێنی بەهێز و بێهۆشکەرە، کەنەدا بڕیاری داوە سەربازی زیاتر و تەکەنەلۆجیا نوێ لەسەر سنوورەکانی ئەمەریکا بەکار بهێنێت.
هەروەها سەرۆکی مەکسیک ڕایگەیاند "مەکسیکیش بۆ ڕێگریی لە کۆچبەری نایاسایی و قاچاخچییەتی ماددەی هۆشبەر بڕیاری داوە 10 هەزار پاسەوان بنێرێتە سەر سنوور."
ترەمپ لە سۆشیال میدیادا truth social ڕایگەیاندووە "ئەگەر چین بەردەوام بێت لە ناردنی ماددەی فێنتایەل ئەوە باجەکان لەسەر ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن."
ئاماژەشیدا "وەک سەرۆکێک، دڵنیابوون لە سەلامەتیی هەموو ئەمریکییەکان بەرپرسیارییەتی منە زۆر دڵخۆشم بەو دەرئەنجامە سەرەتاییانە."
ڕۆژی شەممە 1ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا 25% باج بەسەر بەرهەمە هەناردەکانی مەکسیک و کەنەدا و 10% باج بەسەر ڕسوماتی بەرهەمەکانی چین و وزەی کەنەدا بسەپێنێت.