بەهۆی ئاگربەستی غەززە ناتانیاهۆ زیاتر لە واشنتن دەمێنێتەوە

میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ماوەی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا درێژ دەکاتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەکەی، ناتانیاهۆ تا ئێوارەی شەممەی داهاتوو لە واشنتن دەمێنێتەوە،  بڕیارەکەش لە وەڵامی داواکارییەکی زۆری بەرپرسانی ئەمەریکایە بۆ کۆبوونەوە سەبارەت بە ئاگربەستی غەززە.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، نەتانیاهۆ ببێتە یەکەم سەرکردەی بیانی کە چاوی بە دۆناڵد ترەمپ،  بکەوێت، دوای ئەوەی لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، بۆ خولی دووەم دەست بەکار بووە.

ئامانجی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا، ڕێکخستنی خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماسە، سەبارەت بە درێژەدان بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە.

هەروەها ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە "ترەمپ و نەتانیاهۆ هەوڵی ڕێککەوتنێک دەدەن بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعوودیە."