ترەمپ چاوی لە کانزاکانی ئۆکرانیایە

دۆناڵد ترەمپ بەرانبەر بە قەرەبووی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا داوای کانزا خاوەکانی ئۆکرانیا دەکات

ئۆکرانیا بڕێکی زۆر ماددەی خاوی یۆرانیۆم و لیتیۆم و تیتانیۆمی تێدایە، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت ئوکرانیا ئەو کانزا دەگمەنانە بە ئەمەریکا ببەخشێت.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا لە کۆشکی سپی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند "وەکوو قەرەبوو بۆ پشتگیرییە داراییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، پێشبینی دەکەم ئۆکرانیا کانزا خاوەکانی خۆی بۆ ئێمە دابین بکات."

دۆناڵد ترەمپ گوتی: بە ئۆکرانیامان گوتووە، دەمانەوێت لەسەر ئەو کانزا دەگمەن و بە نرخانە ڕێکبکەوین، بەرانبەر ئەو پشتگیریانەی ئێمە بە ئۆکرانیامان بەخشیووە.

دۆناڵد ترەمپ ڕاشگەیاند "ئۆکرانیا دەیەوێت کانزا خاوەکانی خۆی وەکوو قەرەبوو بداتە ئەمەریکا بەرانبەر ئەو 300 ملیار دۆلارەی کە بە ئەوانمان بەخشیوە." 

کانزا دەگمەنە خاوەکان لە 17 کانزا پێک هاتوون کە بۆ دروستکردنی موگناتیس و گۆڕینی هێز بۆ جوڵە بەکاردێن، بۆ تەکنەلۆجیاکانی وەک ئۆتۆمبێلی کارەبایی و مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە، هاوکات ئەو کانزایانە تاوەکوو ئێستا هیچ جێگرەوەیەکیان نییە.