ئەمەریکا، سەلڤادۆر دەکاتە زیندان بۆ تاوانباران و دیپۆرتکراوەکان

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەلڤادۆر ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داڵدەدانی تاوانبارانی توندوتیژی ئەمەریکی و وەرگرتنی دیپۆرتکراوان لە هەر نەتەوەیەکدا. دەشڵێت؛ "ئەمە ڕێککەوتنێکی بێوێنەیە."
ڕوبیۆ، دوای دیدار لەگەڵ نەیب بوکێلە، سەرۆکی سەلڤادۆر ناوەرۆکی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵاتی ئاشکرا کرد، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نا یاسایی دەریان کردووە.
ڕوبیۆ، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە "لە کردەوەیەکی دۆستانەی نائاساییدا بۆ وڵاتەکەمان، سەلڤادۆر ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕێککەوتنی کۆچبەریی لە هەر شوێنێکی جیهاندا."
هەروەها گوتی: دیپۆرتکردنەوەی هەر کەسێکی بیانی نایاسایی لە ئەمەریکا کە تاوانبار بێت و سەر بە هەر نەتەوەیەک بێت، سەلڤادۆر دەیانخاتە زیندانەکانییەوە، ئاماژەی بە دوو تۆمەتباری بەناوبانگی وڵاتەکەی کرد کە ئەندامن لە باندە تاوانبارەکانی سەلڤادۆر و ڤەنزوێلا.
سەرەڕای ئەوەش، ڕوبیۆ گوتی: بوکێلێ، پێشنیازی ئەوەی کردووە تاوانبارە مەترسیدارە ئەمەریکییەکان لە زیندانەکانی سەلڤادۆر بەند بکات، لەنێویاندا ئەوانەی هاووڵاتی ئەمەریکین و دانیشتووی یاسایین."
تا ئێستا ڕوون نییە، ئایا حکوومەتی ئەمەریکا ئەو ئۆفەرە قبوڵ دەکات یان نا، سەبارەت بە یاسایی بوونی ئەو جۆرە هەنگاوانە.
هەر هەوڵێکی ئیدارەی ترەمپ بۆ ڕاگواستنی هاووڵاتیانی زیندانیکراوی ئەمەریکی بۆ وڵاتێکی دیکە ڕووبەڕووی کاردانەوەی یاسایی بەرچاو دەبێتەوە.
لێتی ڤۆڵپ، مامۆستای یاسا لە زانکۆی کالیفۆرنیای بێرکلی کە پسپۆڕە لە یاسای کۆچبەری و تیۆری ڕەگەزنامە بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاندووە، "لە ئەمەریکا دیپۆرتکردنەوەی هاووڵاتیانی ئەمەریکی بە توندی قەدەغە کراوە، جا زیندانی بن یاخود نا."