ئەحمەد شەرع و ئەردۆغان باس لە کردنەوەی بنکەی سەربازی تورکیا لە سووریا دەکەن

بڕیارە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێ سووریا سەردانی ئەنقەرە بکات و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆ ببێتەوە.
سێشەممە 4ـی شووباتی 2025، ڕۆیتەرز، لەسەر زاری چوار سەرچاوەی نزیک ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێ سووریا کردنەوەی بنکەی سەربازیی ئاسمانیی تورکیا لە سووریا و مەشق بە سوپای سووریا بەشێک لە گفتوگۆیەکانیان دەبێت.
بەرپرسە ئەمنییەکانی سووریا بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، دانوستانەکان سەبارەت بە دانانی دوو بنکەی تورکیا دەبن لە بیابانی ناوەڕاستی سووریا کە بە بادیە ناسراوە.
هەروەها ئەو سەرچاوانە ڕاشیانگەیاندووە، ئەحمەد شەرع داوا لە تورکیا دەکات مەشق بە سوپای نوێی سووریا بکات، بۆ ئەم مەبەستەش لە شوێنێکی گونجاو دەگەڕێن.
ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ئەنقەرە دەیەوێت پێگە و ڕۆلی خۆی لە سووریای نوێدا بەهێز بکات و ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە لەلایەن ئێرانی بەجێ ماوە.
فەخرەدین ئاڵتوون، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، دوێنی ڕایگەیاندبوو "سەردانەکەی شەرع لەسەر بانگهێشتنامەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیایە و دوا پێشهاتەکانی سووریا لە هەموو ڕەهەندێکەوە تاوتوێ دەکرێن، بە تایبەت بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری و سەقامگیریی و ئاسایشی سووریا."