ئەم هەفتەیە شاندێکی ئیسرائیل لەبارەی ئاگربەستی غەززە سەردانی قەتەر دەکات

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک بەر لە سەردانەکەی ناتانیاهۆ  بۆ ئەمەریکا، ڕایگەیاند، شاندێکی ئیسرائیل بۆ دانووستان لەسەر ئاگربەستی غەززە، سەردانی قەتەر دەکات.

سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئەم هەفتەیە شاندێکی ئیسرائیل سەردانی قەتەر دەکات بۆ دانووستان لەگەڵ حەماس و وڵاتانی نێوەندگیر، لە بارەی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکەی غەززە." 

بزوتنەوەی حەماسیش ڕایگەیاند "بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە بە نێوەندگیریی ئەمەریکا، قەتەر و میسر، ئامادەین لەگەڵ ئیسرائیل دانووستان بکەین، بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕ."

 لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، بەنێوەندگیریی ئەمەریکا، قەتەر و میسر، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە چووە بواری جێبەجێکردن، کە پێک هاتبوو لە ئاڵوگۆکردنی بارمتە و زیندانییەکان و گەڕانەوی ئاوارەکانی غەززە بۆ باکووری کەرتەکە.

بڕیارە ئەمڕۆ  ناتانیاهۆ ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، چاوی بە دۆناڵد ترەمپ بکەوێت، تەوەری سەرەکیی چاوپیکەوتنەکەیان، ڕێکخستنی قۆناغێکی نوێی دانووستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس و درێژەدان بە ئاگربەستی کەرتی غەززە دەبێت.