عەلی لاریجانی: ئەمەریکا و ئیسرائیل بوونەتە هۆی پشێوی لە ناوچەکە

عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند، ئەمەریکا و ئیسرائیل بەردەوام کار بۆ دروستکردنی پشێوی لە ناوچەکە دەکەن بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانیان.

لە میانەی پێشوازیکردن لە مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تاران، لاریجانی باسی لەو ڕووداوانە کرد کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن و گوتی: نابێت ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو لە بیر بکەین کە لە پلانە قێزەونەکانی ئەمەریکایە بۆ گۆڕینی ناوچەکە و تەنیا ئیسرائیل وەک ئەکتەر و یاریزانێک لەم کارەدا بەشداربوو.

ئاماژەی بەوەش کرد: ئەمەریکییەکان دەیانویست ناوچەکە بەجێبهێڵن و بەرەو کۆنتڕۆڵکردنی چین هەنگاو بنێن، بەڵام بەو مەرجەی ئیسرائیل وەک جێگرەوەی ئەوان بێت لە ناوچەکەدا.

ڕوونیشی کردەوە، "ئەوان پێش ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" پلانیان دانابوو، بەڵام حەماس پلانەکەی پووچەڵ کردەوە و ڕێگری لە ئیسرائیل گرت.

لە درێژەی گوتەکانیدا گوتیشی: "ئێستا دوای ئەو جینۆسایدەی کە 50 هەزار کەسی گرتەوە، سەرکردەکانی ئەو قەوارەیە دەڵێن حەماس لەناوچووە، ئێمە دەپرسین: ئەگەر بزووتنەوەکە لەناوچووە، چۆن بارمتە فەڵەستینییەکانتان بە دیلەکانی ئیسرائیل گۆڕیوە؟ لەگەڵ کێ ڕێککەوتنی ئاگربەستتان کرد؟

دەشڵێت: حەماس بە خۆڕاگرییەکەی کە زیاتر لە ساڵێکی خایاندووە، "ناوبانگی ئیسرائیلی لەناوبردووە".

لاریجانی دووپاتیشی کردەوە، دەبێ وریا بین، چونکە کردەوە خراپەکانی ئەمەریکا و ڕژێمی زایۆنی هێشتا بەردەوامن. بەردەوام کار بۆ دروست کردنی ئاژاوە لە ناوچەکەدا و بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن.