وڵاتان پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ ڕەت دەکەنەوە
وڵاتان پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سهرۆكی ئهمهریكا بۆ نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکان لە شوێنەکانی دیکە و دەستبەسەرداگرتنی غەززە ڕەت دەکەنەوە.
ڕووسیا
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن پێشنیازەکەی ترەمپ ڕەت دهکاتەوه و ڕایگەیاند "تاکە چارەسەر بۆ ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریتییە لە ڕاگەیاندنی دوو وڵات."
نەتەوە یەکگرتووەکان
ڤۆڵکەر تورک، كۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سهر به نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕاگواستنی خەڵک لە خاكە داگیرکراوەکەی خۆی بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە.
ئەلمانیا
بایربۆک ئانالینا ڕایگەیاند "فەڵەستینییەکان خاوەنی ڕاستەقینەی کەرتی غەززەن." جەختیشی لەوە کردەوە، دەرکردنی ئەوان لەو کەرتە قبووڵکراو نییە و دژی یاسای نێودەوڵەتییە.
ئیسپانیا
له لای خۆیهوه، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا دووپاتی کردەوە، کە دەبێت فەڵەستینیەکان لە خاکی خۆیان لە کەرتی غەززە بمێننەوە و ئەو کەرتە ببێتە بەشێک لە دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستین.
ئوردن
بەگوێرەی ڕاگەیهندراوی دادگای شاهانەی ئوردن له تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، شا عەبدوڵلای دووەم، شای ئوردن بە توندی دژی هەر هەوڵێک بۆ ئاوارەکردنی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە
هەرەوەها ڕاشیگەیاندووە "دەبێت بیرۆکەی فراوانکردنی خاکی ئیسرائیل بوەستێندرێت."
ئیمارات
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە ڕاگەیاندراوێكدا، پێشنیازەکەی ترەمپ ڕەت دەکاتەوە و تێیدا هاتووه "بە توندی دژی هەر هەوڵێکین بۆ ئاوارەکردنی فەڵەستینییەکان یان بێبەشکردنیان لە مافە بنەڕەتییەکانیان."
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆتچ
له لای خۆیهوه، عومەر شاکر، بەڕێوبەری ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆتچ، پێشنیاری دۆناڵد ترەمپ بە شتێکی قێزەونی ئەخلاق ناساند و ڕایگەیاند "یاسای نێودەوڵەتی ئاوارەبوونی زۆرەملێی دانیشتووانی خاکێک کە داگیرکراوه بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەکات، ئەم کردەوەیەیش دەبێتە تاوانی جەنگ یان تاوانی دژی مرۆڤایەتی.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاند، هەڵوێستی وڵاتەکەیان دەربارەی وڵاتی فەڵەستین، هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرا و نەگۆڕە، کە بەهیچ شێوەیەک بەو بڕیارە ڕازی نابن. محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنیشین، هەڵوێستی خۆی دەربارەی لێدوانەکەی ترەمپ خستووەتە ڕوو، هیچ لێکدانەوەیەک لە خۆ ناگرێت.
ئوسترالیا
ئەنتۆنی ئەلبانێز، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند "هەڵوێستی ئێمە وەکو ساڵی ڕابردووە، ئێمە پاڵپشتی لە دامەزراندنی دوو دەوڵەتی دەکەین."
چین
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەسەر قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە ڕایگەیاند، پەکین دژی ڕاگواستنی دانیشتووانی کەرتی غەززەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، پەکین هیواخوازە دوای ئاگربەستیش شەڕی غەززە بوەستێت، هەروەها باشترین ڕێگا چارەی سیاسیی بۆ فەڵەستین دوو دەوڵەتییە.
بەریتانیا
بەریتانیا پلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای بۆ گۆڕینی غەززە ڕەت کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە فەلەستینییەکان "پێویستە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان".
ستیڤ ڕید، وەزیری ژینگەی بەریتانیا ڕایگەیاند، پشتگیریی لە چارەی دوو دەوڵەتی دەکەین، گوتیشی: ئیسرائیل و فەڵەستین دەبێت وەکوو دوو وڵاتی ئازاد هەبن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکا پلانی هەیە دەست بەسەر غەززەدا بگرێت فەڵەستینییەکان لە شوینی دیکە نیشتەجێ بکات، بۆیە ئێمە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەین ئەوانەی ئاوارەش بوون دەبێت بگەڕێنەوە.
فەرەنسا
کریستۆڤ لۆ موان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی: دژایەتیی خۆیان بۆ هەر جۆرە ڕاگواستنێکی دانیشتووانی فەڵەستینی لە غەززە دووپات دەکەنەوە، چونکە ئەمە پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی و هێرشکردنە سەر خواستە ڕەواکانی فەڵەستینییەکانە.
ئاماژەی بەوەش کرد "ئەم ڕاگواستنە بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم چارەی دوو دەوڵەتی و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ناسەقامگیرکردنی هاوبەشە نزیکەکانمان وەک، میسر و ئوردن و تەواوی ناوچەکە."
دەشڵێت: نابێت داهاتووی غەززە لە ژێر دەستی وڵاتی سێیەمدا بێت، بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستیندا بێت.
عێراق
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە "فوئاد حوسێن، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق لە پشتیوانیی دۆزی فەڵەستین کردەوە، هەروەها هەر هەوڵێک بە ئامانجی ڕاگواستن و ئاوارەکردنی گەلی فەڵەستین ڕەت دەکاتەوە."
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت: پاڵپشتیی مافەکانی گەلی فەڵەستین لە کارنامەی کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبیدا دەبێت کە ئەمساڵ لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.