سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی هێزە سیاسییەکان دەکات

مەحموود مەشهەدانی لەگەڵ عەلی لاریجانی
مەحموود مەشهەدانی لەگەڵ عەلی لاریجانی

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی هێزە سیاسییەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەکات.

چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: لە ڕوانگەی بەرپرسیارەتی نیشتمانی و گۆڕانکارییەکانی دۆخی سیاسی، یەکەمجار داوا لە هێزە سیاسییەکان، دواتر تەواوی ئەندامانی هاوپەیمانی دەکەم، کۆبوونەوەیەکی فراوان و بەپەلە بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو ئالەنگارییانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، بۆ ئەوەی بە تێڕوانینێکی هاوبەشی نیشتمانی بگەن و کۆتایی بە ناکۆکییە سیاسییەکان بێنن کە لە ڕۆژانی ڕابردوو نیشانەکانی بەدەرکەوتن.

ڕۆژی 3ـی شوباتی 2025، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و حاجی بابایی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای ئێران پێشوازیی لێکرد، ، وەک میدیاکان ئاشکرایان کرد، لەو دیدارەدا، بابایی ئاماژەی بەوە کرد، عێراق وڵاتێکی گرنگە سەبارەت بە ئێران و وڵاتانی بەرەی موقاوەمە، لە بەرامبەردا مەشهەدانی گوتی: تا ئێستاش ئێران پشتیوانێکی بەهێزی عێراقە.

دوێنێ 4ـی شوباتیش، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە و بەپێی میدیاکان، هەردوولا باسیان لە سەرکەوتنەکانی بەرەی موقاوەمە کردووە لە کەرتی غەززە دوای ئاگربەست.

هەر ئەو ڕۆژە، مەحموود مەشهەدانی، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، هەروەها محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و موحسین ئیجئی کۆبووەوە، بەپێی زانیارییەکانی کەمال خەرازی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیژیەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەر بە نووسینگەی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەو کۆبوونەوانەدا، باس لە ئایندەی موقاوەمە کراوە.