سیسی و شا عەبدولڵا ناوەڕاستی ئەم مانگە دەچنە واشنتن

سیسی و شا عەبدوڵڵا لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بە جیا دەچنە واشنتن، ئەم سەردانەیان لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ پێداگرە لەسەر بیرۆکەی ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززه، بەگوێرەی بیرۆکەکەی ترەمپیش میسر و ئوردن وێستگەی سەرەکی لەخۆگرتنی فەڵەستینییەکان دەبن.
ئاژانسە هەواڵە عەرەبییەکان بڵاویان کردووتەوە، شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن لە 11ـی ئەم مانگە و عەبدولفەتاع سیسیش، سەرۆکی میسر لە 18ـی ئەم مانگە سەردانی واشنتن دەکەن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆ دەبنەوە.
بە گوێرەی ئاژانسەکان، پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکانیان بریتی دەبێت لە، پرسی نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکان لە شوێنەکانی دیکە و دەستبەسەرداگرتنی غەززە، لەگەڵ چەند پرسی دیکەی هاوبەشی نێوانیان، هەروەها بەردەوامی دان بە ئاگربەستی غەززە و چارەسەری هەمیشەیی پرسی فەڵەستین بەشێکی دیکە دەبێت لە گفتوگۆیەکان.
پێشتر هەر یەک لە میسر و ئوردن پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەمەریکایان ڕەت کردبوەوە، بەڵام ترەمپ گوتبووی،ئەو دوو وڵاتە بە پێشنیازەکە ڕازی دەبن.