ماکرۆن و سیسی: ئاوارەکردنی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان جێگەی قبوڵکردن نییە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، هۆشدارییان سەبارەت بە هەر ئاوارەبوونی زۆرەملێی گەلی فەڵەستین لە غەززە یان کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو دا و بە "قبووڵنەکراو" وەسفیان کرد.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، هەردوو سەرۆک بە تەلەفۆن سەبارەت بەو بابەتە گفتوگۆیان کردووە و ڕایانگەیاندووە "ئەمە پێشێلکارییەکی ڕژدی یاسای نێودەوڵەتییە، بەربەستێکە لەبەردەم چارەی دوو دەوڵەتی، هەروەها هۆیەکی سەرەکییە بۆ تێکدانی سەقامگیریی میسر و ئوردن."
سەرۆکی میسر، باسی لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ کەرتەکە، بە ئامانجی ڕزگارکردنی لەو کارەساتە مرۆییەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، جگە لە پلاندانان بۆ دەست پێ کردنی بەپەلەی هەوڵەکان بۆ بنیاتنانەوەی کەرتەکە، ئەمەش بەشدار دەبێت لە گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ خەڵکی کەرتەکە.
سیسی، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ پشتیوانیی لە جێبەجێکردنی چارەی دوو دەوڵەتی، کە گەرەنتی بنەڕەتییە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سەرۆکایەتیی میسر پشتڕاستی کردەوە "ماکرۆن پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی میسر دەربڕی و ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکیی میسر کرد، لە گەیشتن بە سەقامگیریی ناوچەکە، جەختیشی لەسەر پشتیوانیی فەرەنسا بۆ هەوڵەکانی میسر لەم بوارەدا کرد."